بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی باسنیوز بڵاوی کردەوە، قوباد تاڵەبانی هەوڵێکی چڕی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بەشێک لەو کادیرانەی حزبەکەی کە لە خۆیەوە نزیکن، بگەیەنێتە سەرکردایەتیی یەکێتی، بەڵام لەنێو کۆنگرەدا بافڵ تاڵەبانی شکستی بە هەوڵەکەی قوبادی برای هێناوە، دوای کۆنگرەش ئامادە نییە کەسانی سەر بە قوباد تاڵەبانی بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی هەیە ۱۰ کەس بباتە سەرکردایەتی.
ئەو چوار کەسە بریتین لە:
- خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق.
- سەمیر هەورامی، سکرتێری قوباد تاڵەبانی.
- بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ.
- دارا رەشید، وەزیری پلاندانان.
لەمبارەیەوە جهمیل ههورامی، ئهندامی کۆنگرهی پێنجەمی یهکێتی و بهرپرسی کۆمهڵهی پێشمهرگه دێرینهکانی ئەو حزبە راگەیاندووە: "دوو کهسی نزیکی کاک قوباد ههبوو کاک سهمیر (سەمیر هەورامی) و کاک سهباح (د. سەباح هەورامی) له لیستی سهرکردایهتیی یهکێتی دهرهێنراون، تا ئێستاش دیار نییه جارێ که چ گۆرانگارییهک روو دهدات لهوهی له سهرکردایهتی زیاد دهکرێن یان نا".
لەلایەن خۆیەوە مافپهروهر شێخ محهمهد باسهری، چاودێری سیاسی راگەیاندووە: "بافڵ تاڵەبانی ئامادە نییە داواکارییەکەی قوباد تاڵەبانی جێبەجێ بکات و کەسە نزیکەکانی قوباد لە سەرکردایەتیی دانانێت کە بریتین لە دارا رەشید و بێگەرد تاڵەبانی و خالید شوانی و سەمیر هەورامی. پاساوەکەش ئەوەیە کە ئەو کەسانە وەزیرن".
جەختیشی کردەوە: "بافڵ تاڵەبانی بەم کارە دەیەوێ بە قوبادی برای بڵێت کە هەرچەندە برای یەکترین، بەڵام برامان برایی و باڵمان جیایی".
ئەو چاودێرە پێیوایە، بافڵ تاڵەبانی نایەڵێت جگە لە خۆی، هیچ کهسێک لەنێو یەکێتیدا دەستڕۆیشتوو بێت، "ئهمهش قوباد تاڵەبانیی نیگهران کردووه، دوور نییه هاوشێوهی سیناریۆی لاهوور جهنگی له داهاتوودا لەنێوان ئهو دوو تاڵەبانییە ڕوو بدات".
پێشتریش لەمبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی راگەیاند، ئەگەر یەکێتی لەنێو پەرلەمان، یان حکوومەت، یان سەرۆکایەتیی هەرێم، پۆستەکانی سەرۆک یان جێگری هەبێت، ئەوا ئەو کەسانە دەتوانن ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بەڵام وەزیر، بریکاری وەزارەت و پەرلەمانتار ناتوانن ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە چوار ناوەکە دەکەن، بە تایبەتیش سەمیر هەورامیی سکرتێری قوباد تاڵەبانی، سەعدی پیرە گوتی: "ئەوە قسەی میدیایە و لە مەیدانی ماستەکەش باس دەکرێت، نەخێر ئەو ناوی نەهێنراوە بۆ سەرکردایەتی".
ڕوونیشی کردەوە: "یەکێتی ژمارەیەکی زۆر کادیری هەیە، مافی ئەوەیان هەیە لە پۆستێکدا بن، بۆیە ئەگەر سێ پۆست بە یەک کەس درا، ئەوا پۆستی دوو کەسی دیکەی خواردووە، لەبەر ئەوە یەک پۆست بۆ کەسێک بەسە، ئەمەی کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت، جۆرێکە لە دادپەروەری لە دابەشکردنی پۆستەکان و بابەتەکە توانا نییە".
باسیشی لەوە کرد کە ئەوان داوایان کردووە ۱۲ یان ۱۴ کەس وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دیاری بکرێن، جگە لەوەی "ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی هەیە، کە ۲۱ کەسە، یەک کەسەکەی دیارە کە شێخ جەعفەر مستەفایە، بەڵام ۲۰ کەسەکەی دیکە دیار نییە. هەروەها ئەنجوومەنی پشتیوانیمان هەیە کە دەبێت ۱۰۰ کەس بێت، هەموو دەسەڵات و ئەرکەکانیان دیاریکراوە، بەڵام دیاری نەکراوە کێ لەو ئەنجوومەنە دادەنرێت. جگە لەوەش، ژمارەی مەڵبەند و مەکتەبەکان کەم دەکرێتەوە، بەڵام ئەم بابەتەیان و گۆڕانکارییەکانی رەنگە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان".
Your Comment