بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندووە: دەستەی دەروازە سنورییەکان ئەو دەروازە سنووریانەی هەرێمی کوردستانیان دەستنیشان کردوە کە نافەرمین و بەشێوەیەکی بەرچاو هەڕەشە لە ئابووریی عێراق دەکەن.
ناوبراو دەشڵێت: "ڕێکاری حکوومی و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەیە بۆئەوەی سەرجەم دەروازە سنورییەکان کۆنترۆڵ بکرێن و ڕێگە بەتێپەڕبوونی هیچ مادەیەک نەدەن کە هەڕەشە لە ئابووریی عێراق بکات".
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق جەختیشی کردۆتەوە، بەگوێرەی ڕێنماییە حکوومییەکان دەستیانکردوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان بکەن، بۆئەوەش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بەوەی ئەو دەروازانە لەڕێگهی لیژنەیەکی هاوبەشەوە دابخرێن.
عومەر وائیلی ڕوونیشیکردۆتەوە، لەژێر چاودێریی حکوومەتدا کۆبوونەوەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بەمیکانیزمێک بۆئەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بەدەروازەکانی ناوەندەوە ببەسترێنەوە.
وائیلی بوونی ۲۰ دەروازەی سنووریی فەرمیی و ۸ دەروازەی سنووریی نافەرمیی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کردوە.
جەختیشی کردۆتەوە لەسەر پێویستی یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیەیە و گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی لەڕێگای ڕێکارە حکوومییەکانەوە، لەوانە پڕۆسەی بەیەکەوەبەستنی دەروازەکان و سەپاندنی ڕێکارە حکوومییە فیدراڵییەکان لەڕووی تاریفەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پشکنینی پێشوەختە.
Your Comment