یەکێتی دەبێت لەسەر بیر و ئاراستەی مام جەلا کار بکات/ دروست‌کردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان خزمەت بە عێراق ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی، یەکێتی یادگاریی مام جەلالە و بۆ یەکڕیزی، دەبێت لەسەر بیر و ئاراستەی ئەو کار بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، لە سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە ئەندامانی یەکێتی کرد و گوتی، "بەوپەڕی رێز و شکۆوە لەم رۆژەدا خوالێشخۆشبوو مام جەلال بەبیردێنینەوە و گیانی شاد و ئاسوودە بێت".

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵێکی دیار و سەرەکی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دوو هێزی سەرەکیی دامەزرێنەری ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بوون و رایگەیاند، "ئێستاش یەكێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکان".

نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ئەزموونی کارکردنی پێکەوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان؛ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەنابی سەرۆک مام جەلال سەلماندوویەتی کە سەرکەوتن لە یەکڕیزی و هاوبەشی و کاری پێکەوەییدایە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەردەوامیی گوتارەکەیدا گوتی، "سەرکەوتنی راپەڕین و جێگیرکردنی فیدراڵی بەرهەمی راستەوخۆ و هاوکاریی و تەبایی و برایەتی بووە. ئێستاش بۆ پاراستنی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاکە رێگە هاوبەشی و پێکەوە کارکردنە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و پێچەوانەکەشی زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت."

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، ئاساییە لایەنەکان جیاوازیی بیری سیاسییان هەبێت، بەڵام پێویستە بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەموویان کۆبکاتەوە، ئەویش پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، وێڕای هەموو هەوراز و نشێوی و کەموکوڕییەکان، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جوانی لە ناوچەکەدا پیشانداوە و بووە بەهۆی ئەوەی لە عێراق و جیهاندا بە رێزەوە لێی بڕواندرێت.

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا بە گرنگییەوە باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "هەڵبژاردن وەکو بنەمای سەرەکیی رەوایەتی دەسەڵات و حوکمڕانی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە یەکەم و لەپێشەوە بێ؛ دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت؛ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەتوانێت رۆڵ و کاریگەری باشتری لە هەموو عێراق هەبێت و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات".

لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەموو کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکات. نابێ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی سیاسی. دەبێت هەموو لایەنەکانی عێراق بزانن دروست‌کردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان خزمەت بە عێراق ناکات".

News Code 222203

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha