ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای پشتگیریی بایدن لە هەرێمی کوردستان دەکەن

بەشی جیهان- سێ ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکات کە ئێستا لەژێر گوشاری سیاسی و ئابووریدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نامەکە لە رۆژی ۱۸-۹-۲۰۲۳ بە واژۆی مایکل مەککۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، جۆ ویڵسن، جێگری سەرۆکی لیژنەکە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و مایکڵ واڵیتز، ئەندامی لیژنەکە، ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کراوە.

ئەو سێ کۆنگرێسمانە داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن، هەوڵبدات بۆ کۆتاییهێنان بە مامەڵەی قبووڵنەکراوی لایەنەکانی عێراق لە بەرامبەر کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەوان لە نامەکەدا بە بایدنیان گوتووە ئێوە بە باشی ئاگاداری رۆڵی ئەمریکان لە پشتگیری‌کردنی گەلی عێراق لە نووسینەوەی دەستوور لە ساڵی ۲۰۰۵ کە لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە، ناوچەی نیمچە ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان دامەزرا؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە پڕمتمانەترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری لەگەڵ ئێمەدا کردووە، بەڵام دەبینین ئێستا لە رووی ئابوورییەوە خنکێندراوە و لە ڕووی سیاسی و یاساییشەوە لەژێر گوشاردایە.

لە درێژەی نامەکەیاندا، سێ کۆنگرێسمانەکە ئاماژەیان بە دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بە پێدانی ۲.۱ ترلیۆن دینار وەک قەرز بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەنگاوێکی دڵخۆشکەرانە ناویان بردووە بۆ "پێدانی مووچەی کارمەندان و خەرجییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تاوەکوو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ."

ئەو ئەندامانەی لیژنەی دەرەوەی کۆنگرێس، ئاماژە بە کاریگەریی گەورەی داخستنی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکیا دەکەن و بە "بێ‌بەش‌کردنی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گرنگ و بەرچاوی داهاتەکەی" ناویان بردووە.

هەروەها لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە نامەیەکی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە کە لە رۆژی ۳ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکای کردووە و تێیدا باسی لە قووڵتربوونی کێشەکان کردووە.

سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە کورتەیەک لەو نامەیەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان نووسیوەتەوە کە تێیدا هاتووە: "من، ئێستا لە خاڵێکی دیکەی وەرچەرخانی مێژووییمان نامەیەکت بۆ دەنووسم، کە تێیدا نیگەرانم لە ئەگەری ئەوەی بەرەو قۆناخێکی سەخت دەڕۆین، ئێمە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لە بارودۆخێکی زۆر خراپداین. بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەسەڵاتم وەک سەرۆکوەزیران، نیگەرانی یەکجار قووڵم هەیە کە ئەم  هەڵمەتە شەرمەزارکەرانە دژ بە ئێمە، لەوانەیە ببێتە هۆی داڕمانی یەکەم ئەزموونی عێراقی فیدراڵی کە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ۲۰۰۳ـدا پشتیوانی لێکرد و چاوەڕێش کراوە لەو کاتەدا پشتگیری بکەن."

لە بەشێکی نامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا هاتووە: "روونە؛ هەوڵەکانی بلینکن، وەزیری دەرەوە سەرکەوتوو نەبوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانەکان لە عێراق و دووبارە کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا."

مەککۆڵ، ویلسن و واڵیتز، ئەندامی لیژنەکە لە کۆتایی نامەکەیاندا داوا لە بایدن دەکەن، کە ئەمریکا پێویستی بە ستراتیژییەتێکی نوێ‌ بۆ عێراق هەیە و داواشی لێ دەکەن ئەم بابەتە لەگەڵ سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باس بکات.

News Code 222163

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha