بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، لە وەڵامی پرسیارەکانی سیما ئابخێزردا پێشکێشکاری تەلەفزیۆنی ڕووداو، گوتی: لەو بڕوایەدایە کە "کۆمەڵێکی بەهێزی شيعەی نەتەوەپەرستی عێراقی هەیە کە دەیانەوێت پێکهاتە کەمینەییەکان و هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی بەغدا."
دۆگلاس سیڵێمان، کە لە ماوەی نێوان ۲۰۱۶ تاوەکوو ۲۰۱۹ باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە عێراق و ئێستا سەرۆکی پەیمانگەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداوە لە واشنتن، سەبارەت بە سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا باسی لە نامەیەکی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەش هەر لەبارەی ئەو نامەیە گوتی: "من خۆم نامەکەم بە تەواوی نەبینیوە، بەڵام راپۆرتی میدیاییم لەسەر نامەکە بینیون. وەک گوتم، کڕۆکی ئەو نامەیەی کە کاک مەسروور بۆ سەرۆک بایدنی ناردووە، ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە مەترسیدایە و هەندێ هێز لە بەغدا و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە هەن کە ڕەنگە بیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. پێموایە ئەوە پەیامێکە کە سەرۆک بایدن تێیدەگات و پێزانینی بۆی دەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دۆگلاس سیڵێمان
رووداو: ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی پێکەوە سەردانی بەغدایان کرد، ئایا کاتێک ئەمریکا سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران پێکەوە دەبینێت، باشتر پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: ئەمە پرسیارێکی باشە. ئێستا کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە. هەروەک سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی هەفتەی رابردوو لە نامەکەیدا بۆ واشنتن باسی کردبوو، ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی عێراق دا لە ژێر هێرشدایە. وادیارە هەندێ لایەنی نێوخۆیی عێراق و لایەنی نێودەوڵەتیش هەن هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی لاواز بکەن، بۆیە بە بڕوای من، پێویستە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا لە پەیوەندی دا بمێننەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی لەو هێزانەش تێبگەن کە وادیارە هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەروەها بیرۆکەیەکی باش دەبێت ئەگەر سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی دا بمێننەوە.
رووداو: ئەو لایەنانە کێن کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: بە بڕوای من ژمارەیەک لایەن لە چەند شوێنێکی جیاواز هەن. لەنێو عێراق دا، بڕوام وایە کە کۆمەڵێکی بەهێزی شيعەی نەتەوەپەرستی عێراقی هەیە، کە لەو خەڵکانە پێکدێن کە پێیانوایە دەبێت عێراق بەشێوەیەکی زاڵ لەلایەن شيعەوە بەڕێوەببردرێت و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش لەو چوارچێوەیەدا کار بکەن. ئەوان دەیانەوێت پێکهاتە کەمینەییەکان و هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی بەغدا. هەروەها پێموایە کە تاوەکو رادەیەک ئێرانیش خواستێکی لەوجۆرەی هەیە. ئێران پەیوەندیی بەرهەمدار و لەمێژینەی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام بەگشتی وەک لەکاتی چەند هێرشێکی سەربازیی ئێران دا بۆ سەر کوردانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بینیمان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئێران دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی کە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک ناکات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بگەیێنێت، لەوانەش دابینکردنی پەناگەیێکی ئارام بۆ دژبەرانی رژێمی تاران.
رووداو: ۱۳ی ئەیلوول، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێدانی زانیاری بە حکوومەتی عێراق زۆر روون بووە، بەڵام بەغدا بەشێوەیەکی فیدراڵی هەڵسوکەوت ناکات؛ ئایا ئەمریکا هێشتاش سەقامگیربوونی سیستمی فیدرالی لە هەرێمی کوردستانی بەلاوە مەبەستە؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: سەقامگیریی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە. راستییەکەی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دوای ساڵی ۲۰۰۳، بەڵکو بەڕاستی دەگەڕێتەوە بۆ پێش رووخاندنی سەدام حوسێن و دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا کە بووە هۆی رووخاندنی سەدام حوسێن. بۆ ئێمە، هەرێمی کوردستان دۆست بووە، هەرێمی کوردستان پشتیوانکار بووە، ئێمە هەموومان وەک ئەمریکییەکان دەرفەتی بازرگانیمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە، گرێبەستی باشتر و بەقازانجتر و ژینگەیەکی بازرگانی زۆر باشترمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق بەگشتی وهەرێمەکەش گرنگە، ئەمەش بۆ ئیدارەی واشنتن زۆر گرنگە. کێشەکە بە بڕوای من ئەوەیە کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، هیچ کات ئەو هێزەی بەکارنەهێناوە کە لەنێو دەستووری عێراق دا بە هەرێمی کوردستان دراوە وەک هەرێمێک و کوردیش وەک گەلێک. بۆ ماوەی چەندین دەیە، ناکۆکی هەبووە لەنێوان بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەنێوان لایەن جیاجیاکانی دا. هەندێجاریش بەغدایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر لایەنێکی دیکەی کوردی دا بەهێز بکەن. بۆیە، بە بڕوای من، رەنگە باشترین ستراتیجی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەبێت کە بەدەنگێکی یەکگرتوو لەگەڵ بەغدا قسە بکات. ئەگەر کاک نێچیرڤان یان کاک مەسرور بچنە بەغدا، گرنگە کە یەک پەیامیان پێبێت، هەروەها سەرکردەکانی دیکەی کوردیش لە بەغدا پێویستە پەیامی ئەوتۆیان پێبێت کە لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی لەسەر کرابێت بۆ ئەوەی بیاندەنە حکوومەتی بەغدا.
رووداو: هەر کاتێک هەرێمی کوردستان هەست بکات کە مافەکانی لە بەغدا پارێزراونابن، چاوی لە یارمەتیی ئەمریکایە، ئایا راستە ئەو چاوەڕوانیانەی لە ئەمریکا هەبن؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق : پێموایە ئەوە بەندە لەسەر ئەوەی کە مەبەستت لە مافەکان چییە. بێگومان ئەمریکا دەیەوێت جێبەجێکردنی ئەو بەشانەی دەستووری عێراقی ببینێت کە پشتیوانی لە ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی باش لەنێوان حکوومەتی هەولێر و حکوومەتی بەغدا دەکەن. بێگومان کاتێک کە من لە بەغدا بووم، زوو زوو سەردانی هەولێر و سلێمانیم دەکرد، زۆر هەوڵم دەدا هاوئاهەنگیی لەسەر ئەو یاسایانە دروست بکەم کە لە دەستووری عێراق دا هاتوون. پێموایە ئەگەر کوردانی عێراق بڕوایان وابێت کە ئەمریکا بەشێوەی سەربازی، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، دەستوەردان لە دژی بەغدا دەکات، ئەوا ئەوە زۆر دوورە لەوەی رووبدات، بەڵام ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژە یارمەتیی سەربازیی زۆر گرنگیی بە پێشمەرگە داوە. بە راشکاوی دەیڵێم، ئێمە وەک حکومەت، بەشێکی بەرچاووی مووچەی پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان دەدەین. کێشەی دووبەرەکیی بەردەوامی نێوان هەولێر و سلێمانی وایکردووە کە تەنیا چەند بەشێکی پێشمەرگە بچنە ژێر چەتری ئەم لیوا هاوبەشانەوە، هەروەها بەشەکانی دیکەی کوردستان پێشمەرگەی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان هەیە کە هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئەم لیوا یەکخراوانەدا یان بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نییە. بۆیە، تەنانەت لە روانگەی ئەمنیشەوە، دووبەرەکیی نێو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان وایکردووە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەسەر پرسە ئەمنییەکان زۆر زەحمەتتربێت بۆ قسەکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکان لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی عێراق، وەزارەتی بەرگریی عێراق، حەشدی شەعبی یان یەکە نیمچە سەربازییەکانی دیکە. ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە؛ پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە، بەڵام دووبارە لەوبڕوایەدام کە پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دا هەبێت بۆ ئەو سەرچاوانە بە شێوەیەکی گونجا و کاریگەر بەکاربێنن.
رووداو: بە پێی ئەوەی لە راپۆرتێکی پێگەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، نامەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ جۆ بایدن نێردراوە، چ زانیاریەکتان لەسەر ئەو نامەیە هەیە؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: بەڵێ، من خۆم نامەکەم بە تەواوی نەبینیوە، بەڵام راپۆرتی میدیاییم لەسەر نامەکە بینیون. وەک گوتم، کڕۆکی ئەو نامەیەی کە کاک مەسرور بۆ سەرۆک بایدنی ناردووە، ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە مەترسیدایە و هەندێ هێز لە بەغدا و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە هەن کە رەنگە بیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. پێموایە ئەوە پەیامێکە کە سەرۆک بایدن تێیدەگات و پێزانینی بۆی دەبێت، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، هەرچەندە زۆر کورد دان بەمە دانانێن، بەڵام واشنتن بەردەوام دەبێت لە سەیرکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی عێراق. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها وەک گوتم، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و، هەوڵدەدەین هاوکاری سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکەین کە پەیامی باشتر و هاوئاهەنگتریان هەبێت لەگەڵ بەغدا. بەڵام پێویست دەبێت کارەکە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت. ئەمریکا ناتوانێت ئەوە بەسەر بەغدا بسەپێنێت کە چ بەرامبەر هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئێمە زۆر پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین لەسەر داهاتی نەوت، لەسەر ئەو پارەیەی کە بەغدا وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکان. واتە ئەمریکا حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە.
رووداو: بەڵام ئەمریکا لە ساڵی ۲۰۰۵ـەوە بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گەرەنتیکار بووە، ئایا هێشتاش وەک گەرەنتیکار رۆڵ دەگێڕێت؟ دەتوانێت ئەو سیستمە بپارێزێت؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: وەڵامە راشکاوەکە ئەوەیە کە ئەو شتەی دەگوترێت بریتییە لە گەورەکردنی لە رادەبەدەری ئەرکی ئەمریکا. ئێمە هیچ پەیمانێکمان لەگەڵ عێراق یان کوردستانی عێراق دا نییە بۆ پاراستنی سیستمەکە بەشێوەی سەربازی؛ ئەو شتەمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەشمان نییە لە ناوچەکە، نە سعودیە، نە ئیسرائیل و نە ئیمارات، پەیوەندی وامان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نییە جگە لەوانەی کە لە هاوپەیمانیی ناتۆدان. بۆیە کوردانی عێراق پێویستە چاوەڕێی ئەوە نەبن کە ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە بە هانای کوردستانەوەبێت. ئێمە لەگەڵ هەولێر کار دەکەین، لەگەڵ سلێمانی کاردەکەین، لەگەڵ بەغدا کار دەکەین و هەوڵدەدەین کارئاسانی بۆ گفتوگۆ بکەین و ببینە هاندەر بۆ رێککەوتنی باشتر بۆ کوردستان، بەڵام دەمێنتەوە سەر حکوومەتی کوردستانیش کە دڵنیابێتەوە لەوەی بە نیازپاکییەوە مامەڵە دەکات، هەروەها دەمێنێتەوە سەر حکوومەتی بەغدا کە ئەوانیش دڵنیابنەوە لەوەی بە نیازپاکییەوە مامەڵە دەکەن، ئەمە بە دیاریکراوی لە بەغدا شتێکی زەحمەتە، چونکە چەندین لایەنی جیاجیا لە حکوومەتی عێراق و سیاسەتی عێراق دا هەن کە پەیوەندیی جیاجیایان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستان دا هەیە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کارئاسانیکردن بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەم ناخۆشییەی لەنێو پەیوەندییەکان هەیە، هەروەها تۆمەتبەخشینەوەکانی هەردوولا دژی یەکدی، چارەسەر دەکرێن. ئەمریکا ناتوانێت هیچ چارەسەرێک بەسەر هەولێر یان بەغدادا بسەپێنێت.
Your Comment