مەسروور بارزانی هیچ نامەیەکی لەبارەی مەترسی هەرەسهێنانی هەرێم ئاراستەی بایدن نەکردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی نامە بۆ جۆ بایدن لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانەوە ڕوونکردنەوەی دا .

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێم  دەڵێت: "ئەو بابەتەی ئەلمۆنیتەر بڵاوی کردۆتەوە، کە گوایە جەنابی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی نامەیەکی بەو ناوەڕۆکە ئاراستەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکای کردووە، دوورە لە ڕاستی و هەرگیزنامەیەک بەو ناوەڕۆکە ئاراستەی هیچ سەرۆک و لایەنێک نەکراوە، بەڵکوو ئەوە بابەتێکی هەڵبەستراوەی پێشەکی پارە دراوە، وەک سەدان بابەت و چیڕۆکی دیکەی هەڵبەستراو دژی قەوارەی دەستوری کوردستان و سەرۆک وەزیرانەکەی".

ئاسۆ حاجی دەشڵێت: "ئەو میدیا کوردیانەی کە بابەتەکە  گەورەتر دەکەن و بە ناونیشان و شێوازی  جۆراوجۆر بڵاوی دەکەنەوە، درێژکراوەی هەمان هەوڵ و ئەجێندان کە لە دژی خەڵکی کوردستان وەگەڕ خراون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: "زۆر نزیک و دوور نا، ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن، وەک چۆن ئێستا گوتاری خیانەتکارانە و خۆڕادەستکردنی بەکرێگیراوەکان ئاشکرا بووە، ئەو دوژمناکارییە و کەرستە و ئامرازەکانیان ڕیسوا دەبن، خەڵکی کوردستان و حکوومەتەکەشیان دەمێنێتەوە و بەهێزتر دەبێتەوە".

News Code 222125

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha