نێچیرڤان بارزانی و ئالينا ڕۆمانۆوسکى ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆکى ‏هه‌رێمى کوردستان پێشوازىی له‌ ئالينا ڕۆمانۆوسکى باڵيۆزى ئه‌مريکا له‌ ‏عێراق و شانديکى ياوه‌رى کرد.‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌يه‌کدا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌کانى ئه‌مه‌ريکا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏کوردستان، گفتوگۆى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تايبه‌تى پرسى ‏بوودجه‌ و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏کوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى گفتوگۆيه‌کى بنياتنه‌رانه‌ له‌نێوان حکوومه‌تى فيدراڵى ‏عێراق و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا کرده‌وه‌ بۆ لێکگه‌يشتنى هاوبه‌ش و ‏چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانيان، به‌ شێوه‌يه‌ک مافه‌ ده‌ستوورييه‌کانى هه‌مووان ‏ده‌سته‌به‌ر بکات و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات بپارێزێت.‏

نێچيرڤان بارزانى داکۆکى له‌ گرنگيى جێبه‌جێ کردنى سيستمى فيدراڵى له‌ ‏عێراق کرده‌وه‌ وه‌ک له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ ده‌بێ وه‌ک ‏هه‌رێمێکى فيدراڵى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکرێت و به‌رده‌واميى کێشه‌ و ‏ناکۆکی له‌نێوان حکوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا، له‌ ‏به‌رژه‌وه‌نديى وڵاتدا نييه‌.‏

هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌کردنى کێشه‌کان و دابينکردنى شايسته‌ ‏دارايييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ياسا و ڕێککه‌وتنه‌کان، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ ‏ته‌بايى و يه‌کڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، به‌تايبه‌تى ‏پارتى ديموکراتى کوردستان و يه‌کێتيى نيشتمانيى کوردستان کرده‌وه‌.‏

ده‌رفه‌ته‌کانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بيانى و ناوخۆيى و به‌هێزکردنى که‌رتى ‏تايبه‌ت له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، دۆخى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێکردنى ‏ڕێککه‌وتنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ‏ئاساييکردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێکى ‏ديکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.‏

News Code 222120

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha