ئەگەر یەکگرتوو نەبین هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم هۆشداری له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و رۆژانێک دێت هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران له‌ شاری هه‌ولێر لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێم کۆبۆوه‌ و له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا رایگەیاند، لەم قۆناغەدا کورد و هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی هەڕەشە و تەحەدای مەترسیدار بونەتەوە و ئەگەر کورد یەکگرتو نەبێت، بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەکان ناگرێت.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، دیداره‌که‌ بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم وەک کونسوڵی گشتی بو، قوباد تاڵەبانی ستایشی چۆ کی جۆنگی  کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کۆریای باشوور، هەروەها سوپاسی حکوومەتی ئەو وڵاتەشی کرد کە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، بەشدارییەکی گرنگ و کارای هەبووە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و عێراق.

لەلای خۆشییەوە کونسوڵی کۆریای باشوور سوپاسی قوباد تاڵەبانی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێم بە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری بون لە راپەڕاندنی کاروبارەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان و کورد بە گشتی لە چەندین لایەنەوە ڕووبەڕووی فشار و مەترسی گەورە بونەتەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناکۆکی و ململانێیەکی ناتەندروستدان، ئەستەمە کورد بەرگەی ئەو فشار و مەترسییانە بگرێت".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "تەنها بژاردەی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستان لەم دۆخە قورسەدا ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانە و سەرەتا کێشە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی کورد بە خێرایی چارەسەر بکەین، تا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە".

جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم هۆشداریشی دا، ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و رۆژانێک دێت هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە کە بۆچی ئەو کەمە دەرفەتەی ماوە لە دەستماندا و نەمانتوانی بەسەر کێشەکانی ناوخۆماندا زاڵ بین".

News Code 222090

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha