بەرپرسی پێشووی دەزگای ئاسایش لەلایەن پەکەکە-وە تیرۆر کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی لە ئێوارەی ۲۳ی تەمووزی ۲۰۲۳ لە شاری زاخۆ عەمید محەمەد میرزا بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەست دا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە "لە ئێوارەی ۲۳ی تەمووزی ۲۰۲۳دا، لە کردەیەکی تیرۆریستی لە شاری زاخۆ، عەمید محەمەد میرزا لە رێگەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بە ئامانج گیرا و بەداخەوە شەهید بوو".

دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد لە لایەن تیمەکانمانەوە، بەڵگەی پێویست بەردەستن لەسەر ئەو کەس و گرووپە تیرۆریستییەی بەم کردەوە تیرۆریستییە هەڵساون و لە لایەن پەکەکە-وە نێردراون.

بەپێی راگەندراوەکە، لە بەرەبەیانی ۲۳ی تەمووز لە رێگەی ئۆتۆمبێلی جۆری هیۆندای تۆکسۆن ڕەنگی سپی ژمارەی تابلۆی ساختە، کە بۆ خۆدزینەوە لە بازگەکان و دوور لە چاوی کامێراکانی چاودێری لە رێگەیەکی لاوەکییەوە هاتوونەتە ناو شاری زاخۆ و چاودێری ماڵ و ئۆتۆمبێلی محەمەد میرزا دەکەن، لە سەعات چواری بەرەبەیان بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبیڵەکەیەوە دەبەستن.

وەک لە راگەیاندنەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیدا هاتووە: "لە سعات ۷:۴۹ خولەکی ئێوارەی هەمان رۆژ لە شەقامێکی گشتی لە زاخۆ لە رێگەی ریمۆت کۆنترۆڵەوە بۆمبەکە دەتەقێنرێتەوە، ئێمە لە لایەن دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجوومەنەکەمان زانیاری تەواومان هەبوو کە لە ماوەی رابردوودا سەرکردایەتیی پەکەکە پیلانیان بۆ بەئامانجگرتنی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دەزگەکانی ئاسایشی هەرێم و هێزە سەربازییەکانی تر داڕشتبوو، بە مەبەستی جێبەجێ‌کردنی پیلانە نەگریسەکەشیان، چەندان مەفرەزەی خۆیان راسپاردووە و راهێنانیان لەسەر دروستکردن و دانان و لکاندنی بۆمبیان پێ کردوون و هەوڵی دەربازبوونیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان داوە".

دووپاتی کردەوە، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی عەمید محەمەد میرزا دەکەین، رای دەگەیەنین کە بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە هەر شوێنێک بن، باجی ئەم کردەوە ترسنۆکەیان دەدەن و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەینرێن، لەو بارەشەوە رێوشوێنی گونجاو گیراوەتە بەر.

News Code 221922

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha