غەیاس سورچی کارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح چەند ڕەخنەی گرت و بە کوردپرێسی وت: شاندەکە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو چوونکە هیچ نوێنەڕی حزبەکانی بەشدار لە حکوومەت لەنێو شاندەکەدا نەبوون بە تایبەتیش نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە حزبێکی سەرەکی هەرێم و و هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش.
کارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی هەروەها لەبارەی یاسای بوودجە و تانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەوو یاسایە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ڕاستە پارتی دژی یاسای بوودجە تانەی بەرز کردۆتەوە بۆ دادگای فیدڕاڵی، بەڵام لە ڕێگای ئەم شاندەیانەوە پابەندی یەکە بەیەکەی بڕگە و مادەکانی یاسای بوودجەی حکوومەتی عێراق بوینە بەتایبەتیش ئەو مادە و بڕگانەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوەن کە پێشتر ڕەخنە و ناڕازیبوونیان دەردەبڕی بەرامبەر ئەم یاسایە؛ من نازانم پابەند بوون بە بڕیارەکانی یاسای بودجە بە ڕەهایی چ دەسکەوتێکە؟!
ئەم ئەندامە باڵایەی یەکێتی ڕەخنەی لە سەرنەکەوتنی هەرێمی کوردستان لە پرسی بوودجە و نەوت گرت و زیادی کرد: نەوت و داهاتی ناوخۆو داهاتی دەروازەکانیان ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە بەرامبەر خەرج کردنی بڕە بوودجەی هەرێم کە تاکوو ئێستا بڕیاری خەرج کردنی نەدراوە و ماوەی دوو مانگە مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە. جگە لەوەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەقفی دواکانی حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەرزبوونەوە دان بەرامبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵی بەرتەسک بوونەوەی دەستەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە لە لایەن حکوومەتی ناوەندیەوە.
غەیاس سورچی لە کۆتاییدا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: جا ئەگەر شاندی بەناو حکوومەتی هەرێم ئەمە بەدەستکەوت بزانێت دەبێت بپرسین بۆ تانەتان لەم یاسایە واتە یاسای بوودجەی عێراقی داوە؟
Your Comment