بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وریا سەعید ڕەواندزی، وتەبێژی ڕەوتە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "بارەگامان لە زۆر شوێن دەبێت، بە ناوچەی بادینانیشەوە، لە ئێستادا ڕێکخراوەکانمان لە هەندێ ناوچەدا دەستیان بەکارەکانیان کردووە، بەڵام چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی و کەرکووک دەبێت".
ناوبراو دەشڵێت: "گفتوگۆمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە کردووە، کە ئایا بەشدار بین یاخود نا، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە، چوونکە دەبێت قەبارەت خۆمان بزانین؛ دووەم ئایا دەتوانین داخوازی خەڵک لە ڕەوتە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین؟ بۆیە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەسەر ئەو بابەتە و لە کۆبونەوەکانی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدەین".
جووڵانەوە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی ناوی "هێڵی سێیەمە"، دامەزرێنەرانی دەڵێن ئامانجیان ئەوەیە جیاواز لە حزبە دەستەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستای هەرێم کار بکەن.
وریا سەعید دەشڵێت: "ئامانجمان لە هێڵی سێیەم ئەوەیە ئێمە نە بەشێکین لەو حزب و ڕێکخراوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە لە هەرێمی کورستان، نە بەشێکین لەو معارەزەیەی هەیە، پڕۆژەیەکی سیاسیمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیانەی بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە لە ئەنجامی سیاسەتی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ڕابردووی کە نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن".
بەڵام وتەبێژی هێڵی سێیەم ئەوە ڕەت دەکاتەوە دەڵێت، ڕەوتەکەیان تەواو سەربەخۆیە، دەشڵێت: "سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرامان هەیە، لە هەمانکاتدا ئامادەین گفتوگۆ بکەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیەن هەیە لە هەرێمدا، ئەگەر هەر پەیوەندیەکمان هەبێت بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێم لەبەر چاو دەگرین".
پەیوەندی ئەدهەم بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستەڵاتدار یەکێکی ترە لە پرسە سەرەکیەکانی پەیوەست بەم جووڵانەوەیە.
پێشتر لە ۱۱ی مانگی یازدەی ۲۰۲۲، ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاند، بەرپرسی پاسەوانەکانی بەناوی فەرید عەبدولعەزیز بازی لە ناوچەوی بارزان لەلایەن ئاسایشەوە ڕفێندراوە، دوای چەند مانگێک و لە۱۸ ی مانگی چواری ۲۰۲۳ ئەو بەرپرسە ئازادکرا.
لەمبارەوە وتەبێژی هێڵی سێیەم دەڵێت: "ئێمە زانیاریمان نییە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە کاک ئەدهەم کرابێت، تەنها ئەوە نەبێ کە لەم دواییە بەرپرسی پاسەوانەکانی گیرابو، ئەوەش دوای چەند مانگێک مانەوە لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام ماوەی ساڵێکە ئەدهەم بارزانی لە ئێرانە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە وەک ڕەوتی سێیەم، دژایەتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە؛ وە سیاسەت بە ڕق و کینەش ناکرێت، بەرنامەیەکی سیاسیمان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش توانیومانە کۆمەڵێک خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر لە ناوە و دەرەوە لە دەوری بەرنامەکەمان کۆ بکەینەوە".
وتەبێژەکەی "هێڵی سێیەم" وتیشی، لە ماوەیەکی "زۆر نزیکدا" چالاکیەکانیان لە دیدار و کۆڕ و کۆبونەوە دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشنابکەن.
ئەدهەم بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابوەتەوە و دوایەمین بەرپرسیارێتیشی لەناو پارتیدا ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بو، پێشتر هۆکاری وازهێنانی لە پارتی گەڕاندەوە بۆ ناڕازیبونی لە حزبەکەی و گوێنەگرتن لە داواکاریەکانی بۆ "چاکسازی".
وریا ڕەواندزی دەڵێت: "کاک ئەدهەم وەک مرۆڤیکی ڕیفۆرمخواز کۆمەڵێک پێشنیاری خستوەتە بەردەم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی داوای لێکردون ڕیفۆرم بکرێت لە بەرنامەی حکومەت و هەروەها لە سیاسەتی ناوخۆی حزبەکە، دوای ئەوەی بێ هیوا بو، ئیتر لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵک لە هەوڵی هێڵی سێیەمە، ئێستا سەرپەرسشتیاری هێڵی سێیەمە، تەنانەت ئامادەیە لەو ڕەوتەدا وەک کادرێک بێت بێ ئەوەی بەرپرسیارێتیەک وەرگرێت".
Your Comment