بەشێک وڵاتی دراوسێ پاڵپشتی تیرۆریزمن و گەلی عێراق و سووریا بێ‌ئاو دەکەن

بەشی سووریا- محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا باسی قەیرانی کەم‌ئاوییان لە وڵاتەکانیان کرد و داوایان لە تورکیا کرد ئاوی زیاتر بۆ وڵاتەکانیان بەربداتەوە.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی سووریای بە تێوەگلانی راستەوخۆ لە تیرۆر تۆمەتبار کرد.

 بەشار ئەسەد باسی پشتیوانیی هەریەک لە عێراق و سووریای لە یەکدی لە قۆناخەکانی رابردوودا کرد و گوتی، سووریا پێشتر پشتی عێراقی بەرنەداوە و رایگەیاند: "ئەو برایەتییەی لەنێوانماندا هەیە هەستمان پێکرد، کاتێک گەلی عێراقی لەپاڵ گەلی سووریا وەستا لەو دەمەی پێش دەیەیەک هێرشی دوژمنکارانە دژی سووریا دەستیپێکرد. لەماوەی ئەو شەڕەدا حکوومەتی عێراق و گەلەکەی دەنگی راستەقینەی سووریا بوون. ئەوان دەنگی سووریا بوون لە ناوەندە عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و هەموو شەڕ و هێرشەکانی سەر سووریایان رەت‌کردەوە".

 بەشار ئەسەد باسی بەهاناوەچوونی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵیش کرد و گوتی، عێراقییەکان بە کۆمەڵ و تاکەکەسیش فریای سووریاییەکان کەوتن.

سەرۆکی سووریا لە کۆنگرەکە رۆژنامەڤانییەکەدا جەختی لەسەر ناسنامەی عەرەبیی عێراقی کردەوە و گوتی: "سڵاو و رێزم بۆ سوپای عێراقی عەرەبیی رەسەن" هەیە و دواتر سوپاسی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد کە "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا و هێزەکانی دیکە لە سووریا، گەورەترین سەرکەوتنیان تۆمار کردووە."

 ئەسەد لە بەشێکی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی سووریایشی بە پشتیوانی راستەوخۆی تیرۆر ناوبرد و گوتی: "کۆبوونەوەکەمان لە کاتێکدایە لەسەر ئاستی جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر و راستەوخۆ دەبینەوە. هەموو جیهان لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنییەوە دەناڵێنێت و بێگومان ئەوانەش لێکەوتەی ئابوورییان هەیە. هەموو ئەوانە کاریگەرییان لەسەر وڵاتانمان دەبێت".

ئەسەد ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە شەڕی تیرۆر دەکەن و گوتی: "ئەو تیرۆرەی دەیبینین بەهۆی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و بەدیاریکراوی رۆژئاواوە لەنێوناچێت. میکانیزمی رۆژئاوا لێدانە لەو وڵاتانەی دەستیان بە سەربەخۆییانەوە گرتووە. هەندێک لە وڵاتانی دراوسێش بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە پشتیوانیکردنی ئەو تیرۆرە یان بە ئامانجی فراوانخوازی یان بە هۆکاری بیروبۆچوونی عەقیدەیی دواکەوتووەوە تێوەگلاون".

News Code 221847

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha