بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی ۷۰ لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەکە سەربازییەکان کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا دۆخی ئەمنی و هەنگاوەکانی رێکخستنەوە و پێشخستنی توانای هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە لەپێناو سەرخستنی ئەو ئامانجە نیشتمانییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دوایین هەنگاو و بڕیارەکانی رێکخستنەوە و چاکسازی کردن و درێژەدان بەمەشق و راهێنان و بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و هەواڵگری هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، "هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی هێزەکان و ئامادەکردنەوەیەتی لەچوارچێوەی پەیکەربەندییەکی نوێدا تاوەکوو هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیاد بنێین کە پارێزەری راستەقینەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی هێز هەر ویستێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەتدەکەینەوە، بۆیە پێویستە هەمو فەرماندە و ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگە بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و وەک هەمیشە لەخزمەت کوردستاندا بن".
Your Comment