گۆڕان هۆشداری توند ئاراستەی پارتی و یەکێتی دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا بۆ پارتی و یەکێتی رایگەیاند، ئەگەر بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و قوربانیدان بە بەرژەوەندییە حیزبیەکانیان هەنگاو نەنێن؛ ئۆباڵی هەر مەترسییەک دەکەوێتە ئەستۆیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، رایگەیاند: "‎ئەم بۆنە پیرۆزە، کە لە بنەڕەتدا هەڵگرى پەیامى ئاشتەوایی و یەکڕیزى و لێخۆشبوون و قوربانیدانە؛ لەسەر ھەمو لایەنە سیاسییەکان پێویست دەکات، بە گیانى بەرپرسیارانەوە لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییە باڵاکان و سەقامگیریی سیاسیی و دابین کردنى پێداویستییەکانى ژیانی هاوڵاتیان و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هەوڵەکانمان یەکخەین".

 
لە پەیامەکەدا بۆ پارتی و یەکێتی دەڵێت، "ئەگەر بە هەست کردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و قوربانیدان بە بەرژەوەندییە حیزبیەکانیان هەنگاو نەنێن؛ ئۆباڵی هەر مەترسییەک کە لە داهاتووییەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ژیانی خەڵک و دەستکەوت و دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم دەبێتەوە دەکەوێتە ئەستۆیان". 


ئەو پەیامەی گۆڕان لەکاتێکدایە کە دادگای فیدڕاڵی عێراق درێژکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە بەنادەستووری ناساندووە و تائێستاش هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو لە کوردستاندا دیار نییە، بەوەش پرسیاری جددی لەسەر شەرعیەتی دامەزراوەکانی کوردستان دروست بووە.

News Code 221750

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha