بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر گوڵپی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: "پاش ئەوەی دڵنیا بووینەوە لە سەرپێچی و کارە خراپ و نایاسییەکانی ڕێکخراوی ڕاسان، بە نووسراوی ژمارە (۲۷) لە ڕۆژی (۱۹ی ۱۰ی ۲۰۲۰) لە ڕێگەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانەوە بەدواداچوونمان بۆ مۆڵەتی ڕێکخراوی ڕاسان کرد، دەرکەوت مۆڵەت و تۆمار کردنی ڕێکخراوەکە شتێکە و کارەکانی شتێکی تر، هەربۆیە بە نووسراوی ژمارە (۴۵) لە (۱۷ی ۲ی ۲۰۲۱) داوامان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە بە ڕاسپاردنی لیژنەی پەیوەندیدار و بانگهێشتی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە: "بە نووسراوی ژمارە (۴۳) لە ۱۵ی ۲ی ۲۰۲۱، داوامان لە داواکاری گشتی سلێمانی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی رێکخراوی ناوبراو، ئەمڕۆش دادگای سلێمانی بڕیاری هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکەی دەرکردوە، دەشتخۆشی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکەم کە کاری کرد بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکە، هێشتا دۆسیەی کارەکانی رێکخراوەکە ماوە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە".
عومەر گوڵپی دەشڵێت: "هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکە بێجگە لە فێڵکردن لە فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکومییەکان، کارکردنی ڕێکخراوەکە بو بە پێچەوانەی بنەما یاساییەکان و ئادابی گشتی و بنەما ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی کە بە بەڵگەی تەواوە و ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردبوو".
ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە، پاراستنی بەها باڵاکان و سەلامەتی ژیانی کۆمەڵایەتیمان پێش هەموو شتێکە، پێویستە هەموو جدی بین لە دەست پێوەگرتن و پاراستنیان".
Your Comment