کێشەی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا لاوازیی زمانی عەرەبی و نەبوونی دەستەڵاتی بڕیاردانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرفتی زانینی زمانی عەرەبی و لاوازیی ئەزموونی سیاسییان هەیە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر شێوازی نوێنەرایەتی کردنی کورد لە بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "گەر ڕاشکاوانە قسە بکەم، ئەندامانی خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی دوای رووخانی بەعس لە ڕیزی یەکەمی حزب و سیاسییەکان بوون. ئەوان ئەزموونی سیاسییان زیاتربوو، باشتر توانای نوێنەرایەتییان هەبوو."

ناوبراو وتیشی: "کورد و حزبەکان دەیانتوانی خەڵکی باشتر بنێرنە پەرلەمان. مەبەستم هەموومانە، ئەوە نییە خۆم لە مەسەلەکە دەربکەم. چوونکە پەرلەمانتار گەر زمانی عەرەبی نەزانێت و ناو هۆڵی پەرلەمان قسە نەکات، خۆ دەبێت لە ناو لیژنەکەیدا ڕۆڵی هەبێت. بۆیە زمان و پسپۆڕی و ئەزموونی سیاسی کاریگەری خۆی هەیە."

لە ئێستادا کورد لە کۆی ۳۲۹ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەنی ۶۴ کورسیە. دابەشبوونەکان بەم شێوەیەن: پارتی ۳۲ کورسی، یەکێتی ۱۸ کورسی، نەوەی نوێ ۹ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ۴ کورسی، و کۆمەڵی دادگەری ۱ کورسی.

پەرلەمانتاران دەسەڵاتیان لا نییە

هیچ ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران نین. بە هەمان شێوە یەکێتیش هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییەکی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە، هەرچەندە سەرۆک و جێگری فراکسیۆنەکەی ئەندامی سەرکردایەتین.

نەوەی نوێ کە خاوەنی ۹ پەرلەمانتارە، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جووڵانەوەکەی هەڵوەشاندووەتەوە. یەکگرتووی ئیسلامی لەکۆی ۴ پەرلەمانتاریان، دوانیان ئەندامی سەرکردایەتییە و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەریش سەرکردایەتی نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە خولی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و تەنانەت کەسی یەکەمی حزبە کوردیەکانیش پەرلەمانتار بوون، وەکوو دکتۆر فوئاد مەعسود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆک کۆماری دواتری عێراق، هەروەها عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەری و چەندین مەکتەب سیاسی و ئەندامی سەرکردایەتی تر.

چاودێران دەڵێن ئەم گۆڕانکارییە وەهایکردووە کە پەرلەمانتاران نەتوانن ڕاستەوخۆ خاوەن بڕیار بن و زۆربەی پرسە گرنگەکانی نێو پەرلەمان پێشوەخت بە ڕێککەوتنی سیاسی و لە سەرووی پەرلەمانتارانەوە یەکلایی دەکرێنەوە بەو پێیەی بڕیار لای سیاسییەکانە لە هەرێمی کوردستان نەک پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا.

چاودێران دەڵێن ئەم بارودۆخە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دووبارە بووەتەوە بە شێوەیەک کە سەرکردە دەستەڵاتدارەکان ناچن لە ناو هۆڵی پەرلەمان ڕووبەڕوو گفتوگۆی پرسەکان بکەن.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، "لە کۆنەوە ڕایەکم هەیە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، دەبێت ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی باڵای حزبەکان ببنە پەرلەمانتار تا ڕۆڵ بۆ پەرلەمان بگێڕدرێتەوە و دەسەڵاتیان هەبێت."

دکتۆر مەحمود عوسمان وتیشی: "پەرلەمانتارانی کورد لە هەرێم و عێراقیش دەسەڵاتیان لا نییە. بڕیار لای بەرپرسانی حزبەکانە کە لە دەرەوەی پەرلەمانن."

ئاستی زمانی عەرەبی

سەرەتای ئەم مانگە لەکاتی گفتووگۆکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە، فوئاد حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی بە نوێنەرایەتی پارتی و خالد شوانی ئەندامی سەرکردایەتی و وەزیری داد بە نوێنەرایەتی یەکێتی پرسە جێناکۆکەکانیان لەگەڵ فراکسیۆنە عێراقییەکاندا یەکلایی دەکردەوە.

ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمریکای وت، "لە سیستمی پەرلەمانیدا دەبێت بەرپرسانی باڵای حزبەکان سەرۆکی لیست بن، بەڵام هەندێک لە بەرپرسان لە دەنگ نەهێنان دەترسن و هەندێکیشیان پەرلەمان خۆیان بە گەورەتر دەزانن."

پێشنیاریشی کرد حزب خول بۆ پەرلەمانتارەکانی بکاتەوە و فلتەریشی هەبێت بۆ کاندید کردن.

نەبوونی سەرکردە باڵای لایەنە کوردییەکان لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری سەرکردە باڵاکانی شیعە لە پەرلەمانەوە پۆستە باڵاکانی حکوومەتیان وەرگرتووە. هەریەک لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئێستا و پێشووتری حکوومەت پێشتر پەرلەمانتار بوون.

ئارام کەمال بەرێوەبەری ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان، کە رێکخراوەکەی چاودێری ئیش و کارەکانی پەرلەمانی عێراق و هەرێم دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەر پرسێک کە دەبرێتە نێو پەرلەمانی عێراق، گەر پێشوەخت رێککەوتنی سیاسی لەسەر نەکرابێت ناتوانرێت یەکلایی بکرێتەوە. پەرلەمانتار دەست بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکان بەرز دەکاتەوە."

هەرچەندە بەپێی دەستوری عێراق پەرلەمانتاری کورد مافی هەیە بەزمانی کوردی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا گفتووگۆ بکات، بەڵام گفتووگۆکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زمانی عەرەبی ئەنجام دەدرێن.

داتایەکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارە کوردانەوە لەبەردەستدا نییە کە زمانی عەرەبی بە باشی نازانن، بەڵام بە پێی وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردکان گرفتی زمانی عەرەبییان هەیە.

مەیادە نەجار کادیری پێشکەوتووی پارتی و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ناڵێم خول لە دوای خوڵ کواڵێتی پەرلەمانتار دادەبەزێت، بەڵکوو دەڵێم ڕادەی نیشتمانپەروەریشیان دادەبەزێت. پەرلەمانتار بە دەنگی خەڵکی هەرێم ڕۆیشتووە کەچی کار لەسەر بچووک کردنەوەی قەوارەی هەرێم دەکات."

هەروەها وتیشی، "پەرلەمانتار گەر زمان نەزانێت، چۆن بەرگری لە مافی هەرێم دەکات؟ یاخود پەرلەمانتاری لە ڕاگەیاندنی عەرەبییەوە هێرش دەکاتە سەر هەرێم، لەکاتێکدا ئەو بۆ بەرگری لە دەنگدەرەکانی نێردراوەتە بەغدا. گەر رەخنە هەبێت، ئەوە پەرلەمانی کوردستانە و ئۆپۆزسیۆنی تێدایە و با لێرە قسەی خۆیان بکەن."

هاوکات جەمال ئەحمەد سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە زمانزانی و سیاسی و یاسایی بۆ پەرلەمانتار گرنگن. ئەو پێیوایە "زمان نەبووەتە کێشەی گەورە" چونکە پەرلەمانتار دەتوانێت سوود لە بەڕێوەبەری نوسینگەکەی بۆ زمان وەربگرێت.

جەمال ئەحمەد، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "ئێمە گرفتی گەورەترمان هەیە..هەندێک پەرلەمانتاری سوودمەند لەکاتی دانوستان گرفت دروست دەکەن، لە ڕاگەیاندن ئیستیفزازی خەڵکی تر دەکەن. ئەمە بۆ هەرێم بە خراپی شکاوەتەوە".

News Code 221676

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha