دوای پەسەندکردنی مادەی ۱۴ هەرێمی کوردستان لەت نابێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری یەکێتی لە بەغدا دەڵێت، زۆرینەی بڕگەکانی مادەی ۱۳ و ۱۴ لە پڕۆژەیاسای بودجە بە رێککەوتن کراوە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق؛ تەنیا یەک بڕگە نەبێت کە دەنگی لەسەر درا لە پەرلەمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خالید شوانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای دەنگدان بە مادەی ۱۴ رایگەیاند، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بوو کە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەچێتە هەرێمی کوردستان، بدرێتە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و نەچێت بۆ شوێنی دیکە و قەرزی کۆمپانیا.

ئەو بڕگەیەی کە لە مادەی ۱۴دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.

لەوبارەوە خالید شوانی باسی لەوە کرد، ئەو پارەیەی کە بۆ پڕۆژەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانێت راستەوخۆ لە بەغداوە پارەی ئەو پارێزگایە خەرج بکات کە ناڕازییە.

سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری یەکێتی لە بەغدا پێیوایە کە بە پەسندکردنی ئەو مادەیە، ستەم لە هیچ پارێزگا و فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و دەبێت بە یەکسانی مووچەیان بە هەموو پارێزگاکان بدرێت.

لەبارەی ئەوەی کە پارتی پێیوایە ئەو بڕیارەی یەکێتی هەوڵێکە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان، خالید شوانی روونیکردەوە: "ئەمە دابەش کردن و کێشە نییە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەمە دانراوە وەکوو زەمانەت، ئەگەر عەدالەت نەبوو، ئەوکات حکوومەتی عێراق تەداخوول دەکات. گوتیشی، یەکێتی بەرگریی لە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

News Code 221633

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha