پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی ۲۰۲۳ی عێراق بڕی ١٨ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند، بە پەسەندکردنی ماددەی ١٢ی بوودجەی گشتی عێراق، هەرێم ساڵانە بڕی ١٨ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار و مانگانە دەکاتە یەک ترلیۆن و ٥٢٦ ملیار دیناری بۆ دێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە گوێرەی هەردوو بڕگەی یەکەم و دووەم لە ماددەی ١٢ ی یاسای بوودجەی عێراق کۆی گشتی تەرخانکراویی شایستەی دارایی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە ئەگەری خەرجکردنی ١٠٠٪ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە ١٨ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار و مانگانە دەکاتە یەک ترلیۆن و ٥٢٦ ملیار دینار و بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

یەکەم: تەرخانکراویی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە هەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی ٨٨٧ ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ بەم شێوەیە:

١- بەپێی مادەی ١٢/ دووەم و مادەی ١١/ دووەم-ه بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان النفقات الجارية بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە ٧٧٥ ملیار دینار کە ژمارەیان بە ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەر دەستنیشان کراوە، کە لە چاو ساڵی ٢٠٢١ ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی ٣ ترلیۆن و ٥٢٥ ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە.

 

٢- بەپێی مادەی ١٠/ دووەم و مادەی ١١/ دووەم-ه، بڕی یەک ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار وەک خەرجیی موچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی ۱۱۲ ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار.

دووەم: جگە لە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی ١٠/ دووەم و مادەی ١١/ دووەم-ه، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی دوو ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە.

سێیەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە النفقات الرأسمالية:

 

بەپێی مادەکانی ٢/ یەکەم-٤ و ١١/ دووەم-ه، بڕی دوو ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. بەپێی مادەکانی ٢/ یەکەم-٤ و مادەی ١١/ دووەم-ه، بڕی ٢٧٦ ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە.

لەراگەیەنراوکەیدا ئامانج رەحیم باسی لەوەشکردووە، لە بارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. دەشڵێت، ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان خەرجی سەرمایە بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە کردەیی هیچی لێ خەرج نەکراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئاماژە بەوشکراوە، سەرەڕای ئەوەی بڕی دوو ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی کرداری بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە شێوەی کردەیی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان.

چوارەم: داهاتی دەروازە سنوورییەکان:

داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی ١٩/ دووەم و ١١/ دووەم-ه، بڕی ٧٨٠ ملیار دینار وەک ٥٠٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

پێنجەم: پێترۆ دۆلار:

بەپێی مادەی ٢/یەکەم-٥أ، بڕی ٦٦٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، ٥٪ ی داهاتی نەوت، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.

شەشەم: موچەی پێشمەرگە:

٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە.

حەوتەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی ۲۰۲۳ بە بڕی یەک ترلیۆن و ٢٥٧ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش هەژمار نەکراوە، چوونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش.

News Code 221629

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha