یەکێتی له‌ ۱۶ی ئۆکۆتبه‌ر بە هێزی سەربازی و ئێستاش به‌ یاسا دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەش بەش بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی له‌ ۱۶ی ئۆکۆتبه‌ر بە هێزی سەربازی و ئێستاش به‌ یاسا دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەش بەش بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌گڤان هالۆ، بە باسنیوز-ی ڕاگەیاندووە: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو و فراکسیۆنه‌کانی دیکه‌ی کوردی له‌ به‌غدا قسه‌مان کردووه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ گەڕاندنه‌وه‌ی پاشه‌که‌وتی مووچه‌ن که‌ ئێمه‌ش پشتیوانی ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌پرسی وه‌ک دابه‌ش کردنی کوردستان که‌ خاڵێکه‌ یه‌کێتی مه‌به‌ستیه‌تی، هه‌موو فراکسیۆنه‌کان له‌دژی وه‌ستانه‌وته‌وه‌، یه‌کێتی نیه‌تی باش نییه‌ له‌ پێناوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ سلێمانی هه‌یه‌تی، گوێی له‌ پارێزگاکانی دیکه‌ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ به‌ سلێمانییه‌وه‌ بکات."

ناوبراو روونیشی کردەوە کە هەرگیز نادادپەروەری لە دابەش کردنی مووچەدا نەبووە، بەڵکوو کێشە لە دزینی داهاتی سلێمانی بووە، ئەوەی ئێستاش فراکسیۆنی یەکێتی دەیکات، بۆ شاردنەوەی ئەو تاڵانکارییەیە، "ئەوان له‌ ۱۶ی ئۆکۆتبه‌ر بە هێزی سەربازی و ئێستاش به‌ یاسا دەیانەوێ کوردستان بەش بەش بکەن و بیخەنە دەست نه‌یارانی گه‌لی کوردستانەوە."

هیواشی خواست، یەکێتی لەم هەوڵە پاشگه‌ز بێته‌وه‌ و چیتر نه‌چێته‌ به‌ره‌ی دژ به‌ خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌، "به‌داخه‌وه‌ ئاخر چۆن نادادی له‌ دابه‌شکردنی داهات بووه‌؟ یه‌کێتی داروبه‌ری سلێمانی خستوه‌ته‌وه‌ خزمه‌تی به‌رپرسانی حزبیی شاره‌که‌وه‌ و سنۆبه‌ر به‌ کۆمپانیای به‌رپرسه‌ حزبه‌کانی ده‌بڕێنێته‌وه‌ و به‌ سه‌دان هه‌زار پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر کادیر و به‌رپرسانی دابه‌ش ده‌کات، داهاتی سلێمانی ده‌زرێت و ده‌یداته‌ ئیداره‌ی گشتیی یەکێتی، په‌که‌که‌ی هێناوه‌ له‌ سلێمانی به‌ پاره‌ی ئه‌و شاره‌ به‌خێوی ده‌کات، دزی نه‌ماوه‌ له‌ سلێمانی نه‌یکه‌ن".

News Code 221626

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha