سه‌رده‌مى سه‌دام دۆخی عێراق لە ئێستا باشتر بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەنگین ڕێکانی له‌ دیدارێکى ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، سەردەمی سەدام حسێن لە ئێستا باشتر بوو، به‌هۆى ئه‌وه‌ى، ئه‌وکاته‌ ململانێکان تەنها سیاسی بوون ‌و وه‌ک ئێستا نه‌بووبووه‌ ململانێى گشتى کۆمه‌ڵگه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە: "برایانی شیعە دیدێکی ستراتیژییان نییە، بەڵکوو تەنها چاویان لە بردنەوەی هەڵبژاردنە لە کاتێکدا چوار جاریش هەڵبژاردنیان بردۆتەوە ئەی چییان دەوێت؟".

ڕێکانى که‌ وه‌زیرى پارتیه‌ له‌ کابینه‌که‌ى سوودانى ‌و ئێستا وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراقه‌ ئه‌وه‌شى له‌و دیداره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌دا وت : "هەوڵ دەدرێت ڕق لەنێو ڕۆڵەکانی کۆمەڵگە وەک ژەهر بڵاو بکرێتەوە کە ئەوەی ئێستا هەیە مەترسیدارە".

جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌، "سەردەمی سەدام حسێن لەئێستا باشتربوو، چوونکە ئەو سەردەمە ململانێکان تەنها سیاسی بوون، خەڵکیی بەگشتیی ئاشتیخواز و تەبا بوون، من کاتێک خوێندکار بووم لە بەغدا وەک بەنگین ڕێزم زیاتر بوو وەک لەو بەنگینەی ئێستا وەزیرە، چوونکە ئێستا ڕق لە دژم بڵاو کراوەتەوە".

لە کاردانەوەیەکدا و دواى ئه‌و دیداره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌، محه‌مه‌د ته‌میمى یه‌کێک له‌سه‌رکرده‌ دیاره‌کانى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى له ‌په‌یامێکى به‌په‌له‌دا که‌ له ‌توویته‌رى خۆى بڵاوی کردۆته‌وه ‌و ئاراسته‌ى سه‌رکردایه‌تى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى ‌و خودى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقى کردووه‌ داوا ده‌کات، په‌له ‌بکه‌ن له ‌دوورخستنه‌وه‌ى وەزیرەکەی پارتى له‌ کابینه‌ى حکوومه‌ت.

ته‌میمى قسه‌کانى ڕێکانى وه‌کوو ته‌نز له ‌توویته‌که‌یدا هێناوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "شیعە ڕق‌ و کینەیان لەنێو کۆمەڵگه‌ دروست کرد و سەردەمی سەدام لە ئێستا باشترە!!!! ئه‌مانه قسه‌ی وه‌زیرێکى حکوومه‌تى عێراقه‌، ئه‌و حکوومه‌ته‌ى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى خۆى به‌خاوه‌نى ده‌زانێت!!".

ته‌میمى هەروەها به‌زمانێکى توند نووسیویه‌تى: "چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى ئه‌گه‌ر غیره‌تى هه‌یه‌، پێویستى هه‌رچى زووه‌ ئه‌م وه‌زیره‌ جوداخوازه‌ له‌ پۆسته‌که‌ى دوور بخرێته‌وه‌".

News Code 221608

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha