بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕووی دا، ئەو ڕاستیە زیاتر دەردەخات کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهۆی دامەزراوە یاسایی و دەستوریەکانی دانی پێدا نراوە و سەلمێنراوە، بەڵام بەداخەوە پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو هەڵوەشانەوەو پووکانەوەی دەبەن".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوەی ئێستا لەپەرلەمانی کوردستان دەگوزەرێت لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵا و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان، دەبوو لەماوەی یاسایی پەرلەماندا بکرایە و هەوڵی کۆدەنگی بۆ بدرایە بۆئەوەی هاوڵاتیان بە خۆشحاڵیەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئایندەیان بکردایە، بەڵام بەداخەوە ئەو کارانە کاتێک ئەنجام دەدرێن کە ماوەی یاسایی پەرلەمان بەسەرچووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەسەر ئەو بارودۆخەو دەخوازین هاوڵاتیان ئەم هەنگاوە پڕ لە پشێوی و ئاڵۆزیانەی دەسەڵات ساردیان نەکاتەوە لە هەوڵ و هیوای گۆڕانکاری و چاکسازی بەتایبەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە و دەبێت هەمووان سوور بین لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرکۆنەی هەر هەوڵێکیش بکەین کە بیەوێت دامەزراوە نیشتمانیەکان بێ ڕۆڵ بکات و هاوڵاتیان بەرەو بێهیوایی ببات".
Your Comment