سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی لە گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی کابینە دەربڕی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌سروور بارزانى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانى‌ و تیمى وزاریى یه‌کێتى بۆ کۆبوونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یامێک بڵاو کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "خۆشحاڵ بوین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ‌و تیمی یەکێتی کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجام دا، دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش مەسروور بارزانی په‌یامێکى بڵاو کرده‌وه‌ و وتى، "خۆشحاڵیی خۆمان بەگەڕانەوەیان دەربڕی".

مه‌سرور بارزانى نووسیویه‌تى: "ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم ‌و ڕێکاریی گونجاو و بەشێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجییەکان ئەنجام بدرێت".

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی.

هەروەها بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە و جەختمان لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان .

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 .

ئاماژەمان بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیایە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ، لەهەمانکاتدا پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆمان لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرد. پاش گفتوگۆ کردن، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم وڕێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجییەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپشک کران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارانە.

لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر کە لەلایەن بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەوڵ و ڕێکار و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەکەوەکارکردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەکانیش بۆ ئەم بابەتە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە پابەندیی هەرێم بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدار کردنی تیرۆر.

News Code 221460

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha