حکوومەتی عێراق پلانی هەیە کێشە بۆ سەروەریی هەرێمى کوردستان دروست بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بریکارى پێشوى وەزارەتى دارایی عێراق هۆشداری دەدات لەوەى بەغداد هەرێم بە قسەى شیرین دەخەڵەتێنێت و  کۆمەڵێک پلانیان هەیە کە کێشە بۆ سەروەریی هەرێمى کوردستان دروست بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازل نەبى، بریکارى پێشوى وەزارەتى دارایی عێراق بە کەناڵى "کەى ئێن ئێن"ی رایگەیاند: پشکى کورد لە بوودجەى عێراق ناگاتە ۷% بۆ ۷.۵% جگە لەوەش تا ئێستا هیچ شتێک نە بۆ پێشمەرگە نە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە و هیچ دەستکەوتێکیش کە جێى دڵخۆشى بێت بۆ هەرێمى کوردستان نەکراوە.

فازل نەبى دەڵێت: هەرێمى کوردستان دەبێت لەمەودوا زۆر بە وردى تەعامول لەگەڵ بەغداد بکات، چوونکە تا ئێستا بەغداد نەهاتووەتە ژێر بارى داواکارییەکانمان کە خۆیان واژۆیان لەسەر کردووە و لە هەموو رێککەوتنەکانیش فێڵ لە هەرێمى کوردستان دەکرێت.

فازڵ نەبى وتى: یەکێک لەو فێڵانەى دەکرێت ئەوەیە کە عێراق ۱۰ ترلیۆن دینارى قەرز کردووە و ۶۲ ملیار دینار دەداتە هەرێمى کوردستان کە دەکاتە سەدا ۱ و هەموو ئەو قەرزەش لە دانەوەدا لەسەر هەرێمى کوردستان حساب دەکرێت.

هەروەک هۆشداریشی دا لەوەى بە دانانى بەشێکى کەم لە بودجە بۆ هەرێمى کوردستان ئەگەر بێتو نرخى نەوت کەم بکات ئەوا هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى کێشەى گەورە دەبێتەوە و تا ئەو حەدەش دەڕوات کە مووچەى فەرمانبەران کێشەى بۆ دروست ببێت.

ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە کۆمەڵێک پیلان لەلایەن بەغدادەوە تایبەت بە نەوت و دارایی  هەرێم هەیە کە لە داهاتوودا دەبێتە کێشە بۆسەر سەروەریی هەرێمى کوردستان.

هۆشدارى دەدات لەوەى ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم تەنها گورز نییە بۆسەر نەوتى هەرێم و بەغداد هەنگاوى خراپتر دەنێت و گەر هەرێمى کوردستانیش خۆى یەک نەخاتەوە ئەوا لە بابەتى داراییشدا ڕووبەڕووى کێشە دەبێتەوە.

هەروەک باسى لەوەش کرد کە کێشەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە هیچ کەس قسەى وڵاتان بە هەند وەر ناگرێت و شیکردنەوەى بۆ ناکات بەرپرسانى هەرێمیش قسە و هەڕەشەى دوژمنان ناخوێننەوە، وتیشى: ئەوەى من پێشبینى دەکەم دۆخێکى لەوەى ئێستا هەیە زۆر خراپتر ڕوو لە هەرێمى کوردستان دەکات.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیشیدا فازڵ نەبى وتى: بەغداد بە قسەى شیرین و خۆش خەریکن هەڵمان دەخەڵەتێنن و هەرێمى کوردستان نابێت هێندە ساویلکە بێت بڕوا بە بەغداد بکات.

News Code 221424

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha