بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وینسۆرب ڕاجرز، شرۆڤەکاری پرسی کوردەکانی عێراق، پێی وایە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق، جگە لەوانەی پارتین، بە کردەوە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوێتی لەژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانییەکاندایە.
ناوبراو لە زنجیرە تویتێکدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی بیانی و بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان سەرۆکی هەرێم کوردستان بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: گرنگترین دیدارەکانی بەرپرسانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانە لە بنەماڵەی بارزانی ئەنجام دراوە.
ئەم شارەزایە لە مەسەلەی کورد، کە پێشتر لە وتارێکدا هۆشداریی دابوو لەبارەی ئەگەری لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەوەش تووڕە بوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە؛ دەشڵێت: کە هەندێک لایەنی دیکەی وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوبەشن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تەنها سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن کە کۆبوونەوە گرنگەکان لەگەڵ بەرپرسانی بیانی ئەنجام دەدەن.
Your Comment