بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پوختەی قسەکانی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوە بوو:
• هەردوولایەنی عێراقی و هەرێمی کوردستانم بینیوە، هەردوولا شتی ئەرێنی لەسەر یەکدی باس دەکەن.
• ئەوەی کراوە من ناوی دەنێم رێککەوتن نەک رادەست کردنی نەوت، ئێمە پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد دەکەین.
• هیوادارین هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
• نیگەرانین لە دووبەرەکی ناو ماڵی کورد، ئەمە زیانی بۆ ئاساییشی ناوچەکە هەیە، ئەگەر ئەم دۆخە بۆ خەڵکی هەرێم باش نەبێت بۆ عێراق و ئەمریکاش باش نابێت.
• لە ئەمریکاش کێشە هەبووە، کاری خەڵکی سیاسی ئەوەیە رێکبکەون.
• ڕای خۆمان لەسەر یەکگرتوویی ماڵی کورد خستووەتە روو.
• لەبارەی ئەو هێرشەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕوویدا، دژی هەر هێرشێکین بەتایبەتی ئەگەر هێرشەکە ئەمریکیەکان بکەنە ئامانج.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی دیاری کراوە دوا بکەوێت ئەمریکا هیچ سزایەک بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت؛ باربارا لیف وتی: ئیشی حکوومەتی ئەمریکا نیە سزای هیچ حکوومەت و پارتێکی سیاسی بدات، بەڵام ئێمە هانی ئەوە ئەدەین ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی ئەوە دەکەن لەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت.
Your Comment