کوردپرێس:
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا کە دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ هەڵوێستی یەکێتیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن ڕوون کردەوە و رایانگەیاند: "یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندایە لە نزیکترین کاتدا، بەڵام داواکارییمان ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و گشتگیر بێت".
قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ جەختیان کردەوە: "لەماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان لە چەندین بواری وەک پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەگەرییەوە روبەڕوی رەخنە بوەتەوە و نامانەوێت بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە ڕووبەڕووی رەخنەی دۆستانمان ببینەوە و ناوبانگی هەرێم لەوە زیاتر لەکەدار ببێت".
هاوکات، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتن کراوە و تەنها خاڵی ناکۆکی پرسی کورسی کۆتای پێکهاتەکانە، لەلای خۆشیەوە، دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ ڕوونی کردەوە، "دیاری کردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان هەر لەسەرەتاوە لەسەر داوای سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بو و تەنانەت زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانیش بۆ 11 کورسی هەر لەسەر پێشنیاری یەکێتی بوە، هەربۆیە یەکێتی چ لە رابردو و چ لە ئێستادا زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە خۆی بە داکۆکیکاری مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەزانێت".
قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ راشیانگەیاند، "تەنها داوای یەکێتی ئەوەیە رێوشوێنێک دیاری بکرێت کە کورسی کۆتاکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی راستەقینەی پێکهاتەکان بێت، نەک بۆ نوێنەرایەتیکردنی حیزبە سیاسییەکان. وتیشیان داواکارییەکەی ئێمە هەم لۆژیکییە و ئەوەندەش قورس نییە کە نەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و پێویستیشە ئەمە داواکاری هەموو لایەنەکان بێت".
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی نوێنەرانی کونسوڵخانەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی کە بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەوە ناوبانگی هەرێم لەکەداربێت و دامەزراوەکانیش شەرعییەتیان نەمێنێت، لەم چوارچێوەیەشدا داوایان کرد هەرچی زووە رێککەوتن بکرێت.
قوباد تاڵەبانی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو داواکارییە رایگەیاند، پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەن و ئامادەن لە هەر کاتێکدا کە دۆستان و هاوپەیمانەکانمان دەستنیشانی دەکەن رێککەوتن بکەن، چونکە داواکارییەکانی ئێمە تەنها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە و ئازاد و دادپەروەرە کە خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە هەست بکەن پەرلەمانی داهاتوو نوێنەرایەتی راستەقینەی ئیرادەی ئەوان دەکات.
شاندی نوێنەرانی کونسوڵخانەکان بریتی بوون لە جێگری کونسوڵی فەڕەنسا، نوێنەری کونسوڵخانەی هۆڵندا، کونسوڵی کۆماری چیک و نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بەریتانیاوە سەرپەرشتی دەکرا.
Your Comment