بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دامەزراوەی میدیایی درەو ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و دەنووسێت:
دوای شکستهێنانی هەوڵەکەی ئەمدواییەی تیمی حکوومەت بۆ گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی یەکێتیی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەک لە میدیاکانی پارتی باس لە هەوڵێکی نوێ دەکەن بۆ پڕکردنەوەی شوێنی وەزیرەکانی یەکێتیی لە حکوومەت.
چەند میدیایەکی پارتی لە زاری ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە بڵاویان کردەوە "ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتیی نەگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوا لاهوور جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی، لیستێک پێشکەش دەکات بۆ پڕکردنەوەی شوێنی قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی یەکێتیی".
لەسەر ئەم بابەتە، درەو پەیوەندی بە نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگییەوە کرد، سەرچاوەیەک لە نووسینگەکەی رایگەیاند: "هەوڵێکی لەوجۆرە هەیە، بەڵام ئێمە تائێستا بڕیاری کۆتایی خۆمان لەوبارەیەوە نەداوە".
ئەوەی میدیاکانی پارتی ئاماژەیان بۆ کردووە بابەتی هەموار "تەعدیل"ی وزارییە، بەڵام رێوشوێنەکانی ئەم تەعدیلە وزارییەیان لەڕووی یاساییەوە نەخستوەتە ڕوو، بەتایبەتیش لەکاتێکدا هەر جۆرە گۆڕانکارییەک پێویستی بە متمانەپێدان هەیە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.
میدیاکانی پارتی دەڵێن، لە حاڵەتی گۆڕانکارییە وەزارییەکەدا، کاندیدەکانی لاهوور شێخ جەنگیی بۆ پۆستە وزارییەکان بەمشێوەیە دەبن:
• لیوا چەتۆ ساڵح کاندیدی دەبێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران لە جێگەی قوباد تاڵەبانی.
• بەختیار شاوەیس و پەروین کاکە حەمە کاندیدی وەزارەتەکانی پلاندانان و خوێندنی باڵا دەبن.
• پۆستی وەزیری رۆشنبیری وەک خۆی دەمێنێتەوە، چوونکە بەقسەی میدیاکانی پارتی "حەمەی حەمەسەعید بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی نەبووە".
• وەزارەتی پێشمەرگە بە وەکالەت لەلایەن کاندیدێکی لاهوور جەنگیی بەڕێوەدەبرێت بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لێ نەدراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی درەو، هەندێک لەوانەی ئاگاداری وردەکارییەکانن، پێیانوایە وروژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا لەلایەن پارتییەوە، تەنیا راکێشانی کارتێکی فشارە لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی بەمدواییە یەکێتیی لە بەغدادەوە لەبارەی پرسی بوودجە و جیاکردنەوەی دارایی سلێمانی لە هەولێر، دەستیپێکردووە.
چیرۆکی ناکۆکییهکه
لە 26ی ئۆکتۆبەری 2022وە واتە زیاتر لە 6 مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی تیمی یەکێتیی نەچووەتە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بایکۆتی کردووە، لە رۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2022شەوە، واتە زیاتر 4 مانگە وەزیرەکانی یەکێتیی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایکۆت کردووە.
لەوکاتەوە وەزیرەکانی یەکێتیی کە ژمارەیان 6 وەزیرە، لە بینای وەزارەتەکانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەکەن و بەتەواوەتی لە حکوومەت نەکشاونەتەوە، جگە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە دەستلەکار کێشاوەتەوە هەروەها خالید شوانی کە شوێنەکەی وەکوو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداد بەتاڵ بووە و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە.
رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە تیمی یەکێتیی کرد بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەکێتیی بە نووسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو کۆبوونەوەکان، لەم نووسراوەدا تیمیی یەکێتی هۆکاری نەگەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاو نەکردنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی کردن لە بڕیاردان و شێوازی بەڕێوەبردنی حکوومەت و بەربەست لەبەردەم پیادە کردنی دەسەڵاتەکان".
دواتر مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێکدا داوای لە تیمی یەکێتیی کرد بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد تاڵەبانیدا دەست نەکەوت و دۆخەکە وەکوو خۆی مایەوە.
ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانی و مەسروور بارزانی دوای هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و بەیاننامەکەی جووتیار عادل وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەکێتیی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی حکوومەت زیاتر دوور خستنەوە.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی لە پاریس، مەسروور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی تیمی یەکێتیی چووە بەغداد و لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتنی ئیمزا کرد، لەم دواییەش قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسروور بارزانی چوە بەغداد و لەگەڵ تورکەکان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا گفتوگۆی کرد و چەند رۆژێکیشە یەکێتیی وەفدێکی ناردووەتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی بودجە، یەکێتیی دەیەوێت لە بودجەی گشتی عێراقدا بڕگەیەک جێگیر بکرێت، بەپێی ئەم بڕگەیە بەغداد مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی سلێمانیدا بکات.
مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا کە کابینەی سێقۆڵی پارتی+ یەکێتی+ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، 6 پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا 4 لە وەزیرەکانی یەکێتیی لە وەزارەتەکانیان دەوام دەکەن کە بریتین لە هەریەکە لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان.
وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە و رێباز بێرکۆتی بۆ شوێنەکەی کاندید کراوە، خالید شوانی کە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەکەی چۆڵ کرد و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەکێتی ئەحمەد عەسکەری بۆ شوێنەکەی کاندید کردووە.
بەهۆی ناکۆکی پارتی و یەکێتیی لەبارەی گۆڕانکارییە وزارییەکانەوە، تائێستا پەرلەمانی کوردستان کۆ نەبووەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەکان، بۆیە یەکێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە.
کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناکۆکی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسروور بارزانی دەستیپێکرد، یەکەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیاری نەکردنی دەسەڵاتەکان بوو وەکوو جێگری سەرۆک وەزیران، پاش ماوەیەک ناڕەزایەتی هەردووکیان کۆبوونەوەیەکیان کرد و مەسروور بارزانی وتی "رێککەوتین و هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نییە".
بەڵام ئەمە کۆتایی ناکۆکییەکان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق 10 ئۆکتۆبەری 2021 بەبێ ناوهێنانی مەسروور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی: "چیتر تاکڕەوی قبووڵ ناکەین"، ئەم قسەیە مەسروور بارزانی تووڕەکرد، داوای کرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا روونکردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواکارییەی رەت کردەوە، ئەمە وایکرد چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران بایکۆت بکات.
Your Comment