ماوەی سێ هەفتەیە حکوومەتی هەرێم  بە تانکەر نەوت هەناردەی تورکیا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بۆ کاروباری وزە رایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ تورکیا هەناردە کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەهجەت ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "نەک پلان ھەیە بۆ ھەناردە کردنی نەوت بە تانکەر، بەلکوو لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردوودا رۆژانە 40 ھەزار بەرمیل نەوت بە تانکەر ھەناردەی تورکیا کراوە لە کێلگەی نەوتی خۆرمەڵەوە".

 
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەو بڕەی دیکەی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی خورمەڵە، لەناوخۆ پاڵێوراوە و بەنرخی بازرگانی فرشراوە.


سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی هەرێم کە داوای کردوە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە: "بە پێی ڕێککەوتنی نێوان ئێمە و عێراق، هەرێم خۆی نەوتەکەی دەفرۆشێت و داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی هەرێم، عێراق تەنها سەرپەرشتی پڕۆسەی نەوتی هەرێم دەکات".


سەرچاوە باڵاکەی حکوومەتی هەرێم باسی لەوەش کردووە: "ئەگەر تورکیا ڕێگە بە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم نەدات و عێراقیش کێشەکە چارەسەر نەکات، بیرمان لەوە کردوەتەوە نەوت بە تەنکەر لە ڕێگەی تورکیا و ئێرانەوە بفرۆشین، وەک چۆن بەشێک لە نەوتی سووریا بە تەنکەر دەفرۆشرێت، بەڵام ئەم ڕێگەیە تێچووی زۆری دەوێت".


شایانی باسە لە 25ی مانگی رابردووەوە دوای ئەوەی عێراق سکاڵایەکی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە تورکیا بردەوە هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە.

News Code 221323

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha