ئەردۆغان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا دەدۆڕێنێت

بەشی جیهان- سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری زیندانی‌کراوی کوردی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا دەدۆڕێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری زیندانی‌کراوی کوردی تورکیا و سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) کە حەوتەمین ساڵی زیندانی بەسەر دەبات، جەختی لە دەوری یەکلاکەرەوەی دەنگی کوردانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەو وڵاتەدا کردەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش بە گۆڤاری سیاسی پۆلیتیکۆی ڕاگەیاندووە: لەم هەڵبژاردنەدا کە نیو لەسەدی دەنگەکانیش یەکلاکەرەوە دەبن، کوردەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ڕۆڵی گرنگ دەبینن.

ناوبراو پێشبینیشی کرد، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا و کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە، لە هەمان خولی یەکەمدا و بە جیاوازییەکی زۆرەوە دەدۆڕێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندان و لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە گفتوگۆی لەگەڵ پۆلیتیکۆ ئەنجام دا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەردۆغان لە ساڵانی ڕابردوودا بە کردەوەی سەربازی و دەستگیر کردنی بەربڵاوی نوێنەرانی پەرلەمان و سەرۆک شارەوانی و ڕۆژنامەنووس و چالاکانی سیاسیی کورد، کوردەکانی تورکیای بە توندی سەرکوت کردووە، بەشێک گەورە لە پشتیوانیی کوردەکانی تورکیای لەدەست داوە.

ناوبراو ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە لە لایەن حکوومەتی ئەردۆغانەوە خراوەتە پاڵ پارتی دیموکراتیکی گەلان کە گوایە ئەو حزبە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیایە و ڕایگەیاند: هەدەپە قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆیە.

دەمیرتاش سەبارەت بە کاردانەوەی ئەردۆغان بەرامبەر بە شکست هێنان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا وتی: ئەردۆغان ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا دەگرێت.

News Code 221309

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha