ڕێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتن‌نامەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تاوتوێ کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندێکی باڵای هێزی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو کونسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوە و چاکسازی لە هێزی پێشمەرکەدا کرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەکانی جێبەجێ کردنی ئەو پلانە کرا کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هەیە.

هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە کرا کە دێنە بەردەم پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەیان بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی هاوکارییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەکاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەکانى بەردەم پرۆسەکە کردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوکاری و پشتیوانییەک لەمبارەيەوە نیشان دا.

جەنەرال مکفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەکاندا و جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، دووپات کردەوە.

News Code 221279

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha