بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو کونسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوە و چاکسازی لە هێزی پێشمەرکەدا کرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەکانی جێبەجێ کردنی ئەو پلانە کرا کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هەیە.
هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە کرا کە دێنە بەردەم پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەیان بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی هاوکارییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەکاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەکانى بەردەم پرۆسەکە کردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوکاری و پشتیوانییەک لەمبارەيەوە نیشان دا.
جەنەرال مکفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەکاندا و جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، دووپات کردەوە.
Your Comment