وردەکارییەکانی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە زاری مەزڵووم کۆبانییەوە

بەشی جیهان- فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت هێرشی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پلانی تورکیا بووە بۆ تیرۆر کردنی ئەو و ئاشکرای کرد لە کاتی هێرشەکەدا ئیلهام ئەحمەد و ژمارەیەکی تر لە کەسایەتیی سیاسییەکانی کوردی سووریا نزیکی شوێنی بەرکەوتنی مووشەکەکە بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشی درۆنیی رۆژی هەینی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی: "لەدوای ئەوەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری سلێمانی کۆتایی هات، دوای نیوەڕۆ کاتێک دەگەڕاینەوە، ئەو کاروانەی ئێمەی تێدابوو، هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدابوو. ئەوکاتە درۆنی چاودرێریی تورکیا هاتنە شوێنەکە، بەڵام هێرشەکەیان بێ ئەنجام بوو و شکستی هێنا".

لەبارەی ئامانجی پشت هێرشەکە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە چەند خاڵێک باس دەکات، یەکەم "دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت ئەم شەڕە هاوبەشە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەیکەین، چ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، هێزە کوردستانییەکان، دەوڵەتی عێراق بێت، یانیش هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بێت، دەیەوێت شکست بەم تێکۆشانە بهێنێت. دەوڵەتی تورکیا بەو شەڕەی ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەیەکەوە لەدژی داعش دەیکەین، رازی نییە و بۆ ئەوەی گورزی لێ بووەشێنێت و ئاستەنگی بۆ دروست بکات، هەر شتێک لە دەستی بێت، دەیکات".

وەک مەزڵووم کۆبانی دەڵێت دووەم ئامانجی تورکیا ئەمەیە کە: "تورکیا بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان سەخڵەت بووە. هەر شتێکیش کە لەدەستی بێت، دەیکات بۆ ئەوەی گورز لەم پەیوەندییانە بدات و نەیهێڵێت".

مەزڵووم کۆبانی رەتی دەکاتەوە تورکیا هیچ کام لەو ئامانجانەی پێکابێت و دەڵێت: "دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورکیا و حکوومەتی ئەردۆغان بەم هێرشانە ئامانجەکانی نەپێکا" هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "ئەم هێرشە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و ناڕازی بوونێکی گەورەی لەدژی هەبوو".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت: ئەمە جاری یەکەم نییە تورکیا ئەوان بە ئامانج دەگرێت و "دەشزانین کە ئەمە دواجاریش نابێت. بۆیە بە گەلەکەمان و دۆستەکانمان رادەگەیێنین؛ تێکۆشانمان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رژدتر دەبێت و هەرگیز هێرشی لەمجۆرە نابنە هۆی وەستاندنی ئەم تێکۆشینەمان".

News Code 221239

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha