کوردپرێس:
مستەفا بالی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەپەڕەی فەرمیی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "لەکاتێکدا هەمووان هەوڵدەدەن لەبابەتی یەکێتیی نەتەوەییدا هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێش بچین، هەندێک کەس بە وتە و لێدوانەکانیان دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو بەرەوپێشچونەدا".
ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆیە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن پێویست دەکات "دەست لەزمانی هێرشکارانە هەڵبگرن".
دوێنێ سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "شەوی 15ی ئەم مانگە رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنووری عێراق و سووریا رووی دا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا، لە کاژێر 01:00ی شەو مەفرەزەیێکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیاندا بە رێگەیێکی قاچاخ و ناڕەوا،
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێزەی لە سوریاوە هات لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران، کە ئەرکی ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئەو سنوورە بەردەوامە، هەمو خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش ئەوە دەزانن کە "ئێمە دەرگەی فەرمیمان بۆ هاتوچۆ و هاوئاهەنگی بۆ بەیەکەوەگرێدان لەگەڵ کوردستانی سووریا هەیە، بەڵام ئەو چەکدارانە بەشێوەیەکی قاچاغ هەوڵیاندا لە ئاو بپەڕنەوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانییەوە دەبینرێن، دوای ئەوەی دڵنیادەبنەوە کە ئەمانە خەڵکی سڤیل نین، ئەو خەڵکانە نین کە دەیانەوێت لەو رەوشەی لە رۆژئاوا هەیە دەرباز ببن و بەرەو هەرێمی کوردستان بێن".
هاوکات فەرماندەی گشتیی یەپەگە وەڵامی وتەکانی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی دایەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان هیچ هێرشێکیان بۆ سەر پێشمەرگە نەکردووە، داواشی لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان کرد کە "دەست لە هێرشکاریی و ئاڵۆزی نانەوە هەڵگرن".
Your Comment