بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئهبووبهکر ههڵهدنى ئهندامى پهرلهمانى کوردستان لهمیانى چاوپێکهوتنێکیدا لەگەڵ شارپرێس ئاماژه بهوه دهکات: لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە هەموو کاتێک زیاتر پەرتەوازە و لەیەک دوورن، ئەوەی ڕۆژانە دەبینرێت جگە لە موجامەلە و کات بەڕێکردن هیچی تر نییە، چوونکە لەسەر هیچ پرسێک تەبایی و یەکڕیزیی نیشتمانی دروست نەبووە.
بەبڕوای هەڵەدنی، "ئەنجامی ئەم پەرتەوازەییە پاشەکشەکردنی پرسی دیموکراسی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکانی ڕادەربڕینە، هێز و پێزی ئەم ئەزمونە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان نامێنێت، لەسەر ئاستی عێراقیش ئەو مامەڵەی کورد پێویستە بیکات یەکڕیزییه، بەڵام تەوەجوهەکان جیاوازن، هەروەها ئەو مەترسیانەی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە".
ئهبووبهکر ههڵهدنى سەبارەت بەپرسی دەستووریش وتی:"دەبوایە لەزووەوە دەستوورمان هەبوایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی ئیرادەیێکی جدیان نەبووە کە کوردستان ببێت بەخاوەنی دەستوور، لەکاتێکدا لە خولی یەکەمی پەرلەمانەوە باس لە نووسینی دەستوور دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان".
ناوبراو دەشڵێت: "ئەمە سێ خولی پەرلەمانە دەستوور کەرەستەیەکە بۆ سەودا و مامەڵە و ڕێککەوتن، دەستوور بۆ سێ خاڵ لەئێستادا ورووژێنراوە ئهوانیش، بۆ سەودا و مامەڵە و دابەشکاری پۆستەکانی کورد لە عێراق و پۆستهکان لهنێوان پارتی و یەکێتی لە هەرێم، بۆ حەل کردن و تەسفیە کردنی حساباتی تەکەتول و باڵباڵێنی نێو حزبە سیاسیەکان بۆ فرسەت قۆستنەوە لە پێکهاتەی ئێستای پەرلەمان و حەل کردنی چەند بابەتێکی تر لەناو پەرلەمان لەڕێگەی فشاری دەستوورەوە".
ئهو پهرلهمانتاره ئهوهش دهخاته ڕوو، "ئەگەر ئیرادەیێک هەبوایە بۆ نووسینەوەی دەستوور لەسەرەتای ئەم خولەوە دەستیان پێدەکرد، بههیچ شێوهیێک زەمینە لەبار نییە بۆ نووسینەوەی دەستوور نە ناوخۆیی و نە دەرەکیش، پێویستە دەستوور تەعبیربێت لەزۆرینەی گەلی کورد کە موسوڵمانن و پابهندن به ئایینى ئیسلامهوه".
هەر لەسەر پرسی دەستوور، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا ئهبووبهکر ههڵهدنى وتی: "دەبێت دەستوور بەشێوەیێک دابڕێژین وەک یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بیکەین بەکەرنەڤاڵێکی جەماوەری، ئەوەش بەوەی لەدەرەوەی پەرلەمان تەوافقی لەسەر بکرێت و پارەی دزراوی خەڵک بگەڕێنرێتەوەو ئەم بازگە و سنوورانە نەهێڵرێت و هێزی چەکدار ڕێکبخرێت، ئەمانە پێشمەرجی دەستوورێکی مۆدێرن و سەرکەوتوون".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment