سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەخت لە یەکخستنی تواناکان و دوور خستنەوەی فیتنە و بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەریەک لە سه‌رۆکایه‌تی کۆمار و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان و ئەنجومەنی دادوەری عێراق، لەبارەی پێشهاته‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق راگه‌یه‌ندراوێکی هاوبه‌شیان بڵاو کرده‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆشکی به‌غداد به‌ ئاماده‌بوونی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆماری عێراق و مسته‌فا کازمی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دادوه‌ر فائق زێدان، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری کۆبوونه‌وه‌یێک به‌ڕێوه‌چوو سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و ده‌رئه‌نجامه‌ مه‌ترسیداره‌کانی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی کۆبوونه‌وه‌که‌، به‌شداربووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ جه‌ختیان کرده‌وه‌ رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی وڵات پێویستی به‌ یه‌کخستنی هه‌وڵه‌ نیشتمانییه‌کانه‌ به‌ئاڕاسته‌ی ھێنانه‌دی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی شکۆ و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت و جێبه‌جێ کردنی پرۆسه‌ی نیشتمای که‌ هێزی گه‌ل و چالاکییه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بونیادیان ناوه‌.

ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ واده‌ی دیاریکراوی خۆیدا له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری داهاتوو ئه‌رکێکی ده‌ستووری و نیشتمانییه‌، بۆیه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی تێدا نییه‌ و پێویسته‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێک بۆ ده‌ربازبوون له‌ کێشه‌ و ئاسته‌نگه‌کان که‌ وڵات پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، تاوه‌کوو گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی بێته‌کایه‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی راست کردنه‌وه‌ی ھه‌ڵه‌کان به‌ رێگه‌ی ئاشتی.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌:

لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان کردەوە رووداوەکانی ئەم دواییەی وڵات پێویستی بە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکانە بەئاڕاستەی ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی شکۆ و سەروەری دەوڵەت و جێبەجێ کردنی پرۆسەی نیشتمای کە هێزی گەل و چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بونیادیان ناوە لە پێناو رزگارکردنی وڵات لە قەیران و ئاستەنگەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیشان کردەوە بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان و دەستدرێژی کردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی مافەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر بڕیاری ئەمنی و سەربازی پێشلکارییێکی مەترسیدارە بۆ سەر دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و پارێزگاری کردن لە ئاسایشی هاووڵاتیان، ھەروەک سەقامگیری وڵات دەخاتە ژێر مەترسی راستەقینەوە، بۆیە پێویستە ھێز و لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی جددیان ھەبێت بۆ رێگرتن لەو جۆرە رووداوانە و پشتیوانی دەوڵەت بکەن بۆ رێکخستنەوەی چەک تەنھا لە دەست دەوڵەت و یەکخستنی تواناکان و دوور خستنەوەی فیتنە و بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دانبەخۆداگرتن، هەروەها گرنگە بڕیاری یەکگرتوو و جددی بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و رێگریکردن لە دروستبوونی گرژی زیاتر دەربکرێت.

بەشداربووانی کۆبوونەوە دووپاتیان کردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگاوە دەردەچێت، ھەروەھا رێزگرتن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەبارەی دۆسێ یاساییەکان و رێگرینەکردن لە بڕیارەکانی دادگا لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور و پابەندبوون بە رێوشوێن و دەقە یاساییەکان لە پێناو بەرز راگرتنی سەروەری یاسا و بنەمای بە ھاووڵاتی بوون لە دەوڵەتێک کە پارێزەری گەل و زامنی مافی تەواوی هاووڵاتییەکانی بکات بەبێ جیاوازی.

لە کۆتای کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان تەئکیدیان کردەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو گرنگییێکی یەکجار گەورەی هەیە، بەتایبەتی کە دوای داواکارییە جەماوەرییەکان ھات بۆ چاکسازی، هەروەها دوای کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و خراپ بەڕێوەبردن و تەشەنەکردنی گەندەڵی، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو ئەرکێکی دەستووری و نیشتمانییە، بۆیە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و پێویستە ببێتە دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە کێشە و ئاستەنگەکان کە وڵات پێیەوە دەناڵێنێ، تاوەکو گۆڕانکاری بنەڕەتی بێتەکایەوە بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی ھەڵەکان بە رێگەی ئاشتی، لەو چوارچێوەیەشدا و بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە پێویستە مەرجی پێویست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دابنرێت و هیچ پاشەکشەیێک نەکرێ لە جێبەجێ کردنی پێوەرەکانی پاک و بێگەردی لە تەواوی قۆناغەکاندا، ھاوکات زامنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک بکرێت، لە پێناو فەراھەم کردنی خواستی ئازادانەی گەل لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و گوشار، وەک دەرفەتێک بۆ ھێنانەکایەوەی خواستی راستەقینەی خەڵک.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2161

Your Comment

You are replying to: .
captcha