بەرهەم ساڵح لەبارەی ڕووداوەکانی گۆڕەپانی تەحریر پەیامێکی بڵاوکردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، بەرهەم ساڵح پەیامێکی لەسەر خۆپیشاندانەکان بڵاو کردەوە و رایگەیاند، جەخت لە ڕەوایەتی و داواکاری بۆ دۆزینەوەی بکوژی خۆپیشاندەران دەکەنەوە و ئەوانەی دەستڕێژی گولـلە لەخۆپیشاندەران دەکەن دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

کوردپرێس:

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی دروستبوونی گرژییەکان لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، جەخت لە ڕەوایەتی و گرنگیی داواکاریی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان دەکەنەوە لە ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت ئەو کەسانەی توندوتیژی و دەستڕێژی گولـلە لەخۆپیشاندەران دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پاراستنی ئاسایش و موڵکی گشتیش ئەرکی نیشتیمانیی هەمووانە.

سەرۆک کۆمار جەخت دەکاتەوە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی دەستوورییە و بەرجەستەکردنی پێداگری عێراقییەکانە لەسەر دەوڵەتێکی خاوەن تواناو خاوەن سەروەری، هەروەها بەدیهێنانی خواستەکانی گەنجان گەرەنتی و دڵنیابوونە لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

ئەمڕۆ د. عەلی بەیاتی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندەرێک کوژراوە و ژمارەیێکی دیکە بریندار بوون. هاوکات ژمارەیێک کەرەستەی هێزە ئەمنییەکانیش سووتێنراون.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوە.

News Code 2141

Your Comment

You are replying to: .
captcha