کوردپرێس:
له گفتوگۆيێكى ته‌له‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى كه‌ناڵى ئه‌لشه‌رقييه نيووز كه كاژێر 11ى شه‌وى پێنجشه‌ممه 2021/4/22 پێشكه‌ش كرا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، باسى له دۆخى عێراق به‌گشتى كرد و ڕوانگه‌ى خۆى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و داهاتووى وڵات خسته ڕوو.
دیمانەکە لە شەش بەشدا لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و لێرەدا بەشی پێنجەمی ئەو دیمانەیە دەگوازینەوە:
به‌شى پێنجه‌م..
الشرقیه نیوز: هاوپه‌یمانیی کوردى ـ شیعی، ئه‌م هاوپه‌یمانییه مێژووییيه و دامه‌زرێنه‌رانی پرۆسه‌ى سیاسی بنیاتیانناوه، ئه‌وانه‌ی له نه‌وه‌ی دووه‌من که مه‌به‌ستم جه‌نابتانه، به پێویستی ده‌زانن ئه‌م هاوپه‌یمانییه به‌رده‌وام بێت و له‌سه‌ر ڕێچکه‌ی باوک و باپیران بڕوات، یان دیدێکی جیاواز هه‌یه که دۆخه‌که پێویستی به قۆناغێکی سیاسی و تێگه‌یشتنێکی سیاسیی نوێ هه‌یه؟
نێچيرڤان بارزانى: پێش ڕووخانی ڕژێمی پیشوو، پێویست بوو لێکگه‌یشتنێک له‌سه‌ر چۆنیه‌تيی دیدی ئاینده بۆ عێراق بکرێت، ئه‌و کات هاوپه‌یمانییه‌ک لەنێوان چوار حزبی بنه‌ڕه‌تيدا دروست بوو کە لە یەکێتیی نیشتیمانيی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌نجومه‌نى باڵا (مهجلسى ئه‌علا) و حزبی دەعوە پێکهاتبوو، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و کاته‌دا توانیان پێکەوە بۆ نوسینەوەی دەستوور کار بکەن، ئه‌و کاته پێکه‌وه کار بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور کرا و هاوپه‌یمانییه‌ک و لێکگه‌یشتنێک هەبوو. بێگومان ئێستا ئه‌و شته گۆڕاوه، ئەو سه‌رده‌مه‌ى هەژدە ساڵ بەرلە ئیستا نيیە، شتەکان ئێستا گۆڕانکاريی زۆری بەسەردا هاتووە. لەو کاتەدا من یەکێک لەو کەسانە بووم که زۆر هانی برایانی سوننەم دەدا لە پرۆسەی سیاسيدا بەشدار بن، بەشدارییان نەدەکرد. لە بیرمە گفتوگۆیه‌کی زۆرمان لەگەڵ به‌ڕێز تارق هاشمی هه‌بوو و داومان لێدەکرد کە دەبێت ئه‌وانیش بەشدار بن، زۆر بەداخەوه سه‌ره‌تا بایکۆتی پرۆسه‌ى سیاسی‌یان کرد، بەڵام ئەمڕۆ شتەکان هەمووی گۆڕاوە، ئەمڕۆ شتێک بەو مانايه و بەو ناوە کە هاوپهيمانييهک له‌نێوان کورد و شیعەدا هه‌يه، ئەو شتە نەماوە و ئێستا ئەوە نییە.
الشرقیه نیوز: ئه‌و هاوپه‌یمانییه نییه یان کۆتایی پێهاتووه؟
نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە بۆ ئەو ماوه‌یه‌ی هەمانبوو، بۆ ئەو ماوه‌یه پێکەوە ئیشمان کرد، بەڵام ئێستا دوای هەموو ئەو ڕووداوانه، پێویستیمان بەوەیە سوننه و شیعە و کورد و پێکهاتەکانی دیکه هەموومان دانیشین دیدێکی دیکه بۆ ئاينده‌ى عێراق پێناسه بکه‌ین، هەم لەگەڵ برایانمان لە سوننەکان، هەم برايانمان له شیعە و هەم کورديش، هەموو لایەکمان دەبێ پێکه‌وه دیدێکی هاوبه‌شمان هەبێ که چۆن بتوانین ئایندهی عێراق پێناسه بکەین به شێوه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندی و خێری هەموو پێکهاتەکاندا بێت.
الشرقیه نیوز: به‌بێ بوونی هاوپه‌یمانی، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی که هه‌موومان له‌و وڵاته هاوبه‌شين و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی، هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک نییه؟
نێچيرڤان بارزانى: بنه‌ماکانی هاوسه‌نگى و سازان و هاوبه‌شى، سێ بنه‌مای گرنگن بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە سوننەوە و شیعەوە و کورد و بە هەموو پێکهاتەکانی ديکه‌وه، لەم وڵاتەدا ئەم سێ بنه‌مایه گرنگن. دەبێت دانیشین و لەسەر بنه‌ماى ئەم سێ پرهنسيپه بڵێین بيرۆکه و دیدی داهاتوومان بۆ عێراق ئەمەیە.
الشرقیه نیوز: ئه‌م دیده نوێیه له‌سه‌ر ئاستی گوتاره‌کان له‌وانه‌یه ببێته هۆی خێر، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ چواڕیانه‌کانی نێوان کوتله و حزبه‌کان له به‌غدا و هه‌ولێر پێچه‌وانه بێت، هه‌ریه‌که‌یان گوتارێکی جیاوازیان هه‌یه بۆ نموونه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزی بیانی و ڕووداوی فڕۆکه‌خانه و کوشتنی موهه‌ندیس و سوله‌یمانی. وه‌ک خۆت ده‌یزانی بڕیارێکی په‌رله‌مان هه‌بوو بۆ ده‌رکردنی هێزه‌کانی بیانی، به‌ڵام هه‌ولێر خۆی له‌و بڕیاره دوورخسته‌وه ئه‌مه جیا له‌وه‌ی که بنکه‌کانی تورکی و ئه‌مه‌ریکی به‌مه‌به‌ستی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری له هه‌رێمی کوردستان هه‌ن، ئه‌م چواڕیانانه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت له‌کاتێکدا ئێمه باس له عێراقێکی یه‌کگرتوو ده‌که‌ین؟
نێچيرڤان بارزانى: به ڕای من ئەوەی لە پەرلەمانی عیراق ڕوویدا حاڵەتێکی زیاتر سۆزدارى بوو هەتا واقعبینی، دوور بوو لە سیاسیەتێکی واقعبین کە تۆ شتەکان وەک خۆی ببینی. بۆچوونی ئێمە بۆچوونێکێ واقعبینانەیە لەسەر هێزەکانی ئەمریکا. ئەمریکا هیزێکە هاتووتە ئەم وڵاتە بۆ یارمەتیدان و ئەم وڵاتەش جێده‌هێڵێت و ڕۆژێک هەر دەبێ به‌جێى بهێڵێت لە ئاینده‌دا، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا عێراق گەیشتۆتە ئەو قۆناغه‌ى پێویستی بە هێزە بیانييهکان نەبێت بۆ یارمەتی؟ پرسیارەکە ئەوەیە. هیچ شتێکی تایبەتیمان لەگەڵ ئەمریکا نییە، هیچ ئەجێندایەکی شاراوەشمان لەگەڵیان نییە، کە دەنگمان بەو مەسەلەیە نەدا، تەنها لەبەر یەک هۆکار بوو، بۆچوونمان ئەوەیە کە عیراق پێویستی بە یارمەتیی هاوپەیمانان و ئەمریکا هەیە. لە ئه‌نجامی ئەو بۆشايييهى لە پارێزگای سەلاحەدین دەستپێ دەکات تا دیالا تا دێتە کەرکووک و لە کەرکووکیشەوە تا دەچێتە مووسل، بۆشاییه‌کی زۆر گەورە هەیە کە لە ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگیی نێوان پیشمەرگە و هێزە عیراقییه‌کان و سوپای عیراقی دروست بووه، ئیستا داعش لەو کۆریدۆرە، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو ڕۆژ، هەر دوو سێ ڕۆژ جارێک چالاکی هەیە، شتێک نییە به‌و ناوه‌ی که داعش نەمابێت، ئەگەر داعش نەما و هەموومان گەیشتینە ئەو باوه‌ڕه کە پێویستیمان بە هێزە بیانييهکان نییە، بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات ئەوەی کە له بەغدا دەدرێت، یەکلایەنە داوا لە هێزەکانی ئەمریکا ناکات لە هەولێر بمێننەوە، شتی وا ناکات، لە چوارچێوەی بڕیاری عێراق هەرێمێ کوردستانیش پەیڕەوی ئەو بڕایارە دەکات.
الشرقیه نیوز: له‌گه‌ڵ بڕیاری عێراقدان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی جه‌نابتان بێت؟
نێچيرڤان بارزانى: بێگومان لە ئه‌نجامدا پابەندی بڕیاری عیراقین وەک وڵات هەر بریارێک بدرێ.
الشرقیه نیوز: جه‌نابی سه‌رۆک پێشتر باسی پاشه‌ڕۆژی پرۆسه‌ى سیاسی و هاوپه‌یمانییه‌کان و شتی وات کرد، ناوی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی زیاتر له جارێک ده‌هێنرێت له پرۆسه‌ى سیاسی و زیاتر له جارێک ناوتان بۆ سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق هاتووه، پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه ئایا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له پرۆسه‌ى سیاسیی داهاتوودا ده‌بینین وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق یان نا؟
نێچيرڤان بارزانى: بۆچى نا؟ منیش عێراقیم و دەستووری عێراق و یاسای عێراقیش مۆڵه‌ت دەدات، به‌ڵام لەم قۆناغه‌دا بە ڕاستی بیرم لێنەکردۆتەوە، بەڵام بۆچى نا؟
الشرقیه نیوز: ئه‌گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتووی عێراق به‌ڕێز نووری مالکی يان به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی بێت لاریتان ده‌بێت؟
نێچيرڤان بارزانى: جارێ کیشەمان لەگەڵ هیچ که‌سێک نییە، به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی هەیە کە خزمەتی هەموو عیراق بکات، ئینجا ئەو سەرۆک وەزیرانە وەک که‌س هەر کەسێک بێت، بێگومان ئاماده‌ين کاری لەگەڵ بکەین.
الشرقیه نیوز: پێشبینی ده‌که‌ن به‌ڕێز مسته‌فا کازمی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بمێنێته‌وه یان نا؟
نێچيرڤان بارزانى: پێموایە ئه‌نجامی هەڵبژاردن ئەو بڕیارە دەدات، هێشتا ماوە بۆ ئەو بڕیارەی ئایا به‌ڕێز کازمى دەمێنێته‌وه یان نا؟ بەڵام بێگومان هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان ئەو بڕیارە یەکلايى دەکاتەوە.
الشرقیه نیوز: چاودێران له‌وباوه‌ڕه‌دان کاک نێچیرڤان بارزانی له سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان سه‌رکه‌وتوو بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوو به سه‌رۆکی حکوومه‌تی فيدراڵى، ئایا له‌و ئه‌رکه‌یدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت؟
نێچيرڤان بارزانى: تەحەدیاتی عیراق گەورەن و کەم نین، ئەوەی ئێستا جه‌نابى سه‌رۆک کۆمار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق ده‌یکات، کارێکی زۆر باش ده‌کات، ئەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح پیێ کرابێت تا ئێستا کردوویەتی، بێگومان هەرکەسێکیش ببێتە سه‌رۆک کۆمار چاوەڕوانی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه ده‌کات، بەڵام هەموومان دەبێت پێکه‌وه یارمەتیی سه‌رۆک کۆمار بدەین، یارمەتيی سه‌رۆک وه‌زیران بدەین بۆ ئەوەی بتوانن کاره‌کانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەن.
الشرقیه نیوز: چاودێران وای ده‌بینن که هه‌وڵ بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ده‌يت، ناوی جه‌نابتان له زۆرێک له کۆڕه سیاسییه‌کان هاتووه و ئه‌و پێشنیازانه‌ی که پێشکه‌شتان کردووه، ئه‌مانه هه‌مووی به خوێندنه‌وه‌ی چاودێران پێشه‌کین بۆ ئه‌وه‌ی کاک نێچیرڤان بارزانی ده‌بێته سه‌رۆکی کۆماری داهاتووى عێراق؟
نێچيرڤان بارزانى: سه‌رۆک کۆماری عێراق شتێکی کەم نییە، شەرەفێکی گەورەیە، لە هەر پێگەیەک بتوانم خزمەتێک بۆ هەموو ئەم وڵاتە بکه‌م، ئاماده‌م، بەڵام به ڕاستى ئێستا و له‌م کاته‌دا بەرنامەیەکی وا لە ئارادا نیيە.
الشرقیه نیوز: کاک نێچیرڤان بارزانی وا بینراوه که پشتگیریی ئافره‌تان ده‌کات و له‌مباره‌یه‌شه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆری چالاکی هه‌بووه له کاتی سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، ئه‌نجامی ئه‌م چالاکییانه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع چییه؟
نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای من بە شێوەیەکی گشتی لە عیراق زوڵمێکی گەورە لە ژنان دەکرێت، کاتی خۆی کە سه‌رۆک وه‌زیران بووم، کومەڵێک یاسای هەرێمی کوردستانم بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ژن گۆڕی، چونکە بە ناوی زۆر، لەژێر زۆر ناو و لەژێر زۆر پەردە زوڵمێکی گەورە لە ژن دەکرێت. بەپێی هەندێک یاسای عێراقی کوشتنی ژن تاوان نەبوو، دەیانگوت ئەمە لەسەر شەرەفە و نازانم چی و ئەو شتانە! ئەوە زوڵمێکی گەورەیە لە ژن دەکرێت، پێم وایە بە شێوەیەکی گشتی پێویستە یاساکانی عێراقی بگۆڕدرێت، چونکە زۆر دادپه‌روه‌ر نین. لەسەر ئەم بابەتە کاتێک سه‌رۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان بووم، کۆمەڵێک لەم یاسایانه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌نديى ژن گۆڕیوە، لەبیرمە بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانه بە سوپاسەوە ماموستایانی ئایينی لە کوردستان لە سەرووی هەموشیانەوە یادی بەخیر مامۆستا مستەفا زەڵمی زۆر زۆر یارمەتی دام. سوپاسی هەموو مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان دەکەم کە پشتگیریی ئەو پرۆژەیان کرد، به‌ڵام ئەوە به‌س نییە، پێویستە ئێمە هۆشاری له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دروست بکەین، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە دە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، دەبینین لەو بواره‌دا کوردستان پیشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆریش ماوە بگەینە ئەو قۆناغه. به‌ڕێزت باسی ئەوە دەکەی دەڵێی خۆکوشتن لە کوردستان زیادی کردووە، جیاوازیەکەی لەگەڵ پێشتر یەک شتە، حکوومەتی هەرێم لە وەزارەتی ناوخۆ بەشێکی تایبەت هەیە کە پێی دەڵین بەشی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژى ئافرەت، زۆر چالاکن، ئەمانە لە هەر شوینێکی کوردستان کە ببینن شتێک ڕوودەدات، بە زووی لێى به‌ده‌نگ دێن، کە دەبینن ئه‌مڕۆ ژماره‌کان لە سەرەوەن، لەبەر ئەوەیە خەڵک وەک جاران ترسی نیە لەوەی ڕاپۆرت بدات، جاران ترسێکی زۆر هەبوو کەس نەیدەوێرا ئەو بڵێ که توندوتیژی بەرامبەری کراوە، ئێستا جیاوازیەکەی ئەوەیە لە کوردستاندا ئافرەتان هەست بە ئازاديی زیاتر دەکەن، بۆیه دەبینی ژماره‌کان له سه‌ره‌وه‌ن، چونکە ڕاپۆرتەکان زیاديان کردووە. بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئامانجه‌ی مەبەستمانە، ڕێگەیەکی زۆر دوورمان لەپێشە، بەڵام ئەو پابه‌ندييه بۆ کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم هەیە، به نموونه چەند ڕۆژێک لەمەوبەر له ڕووداوێک‌دا په‌رچه‌کردارێکی زۆر لەلایەن حکوومەت و به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانیشەوە پیشاندرا، کەواتە ئه‌وه بۆ ئێمه پرهنسيپێکه لەسەری دەڕۆین.
الشرقیه نیوز: له ژێر ڕۆشنایی ئه‌م پێشکه‌وتنه‌دا ده‌رباره‌ی ئافره‌تان، ده‌توانین له هه‌رێمی کوردستان ئافره‌تێک له پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران، یان سه‌رۆکی هه‌رێمدا ببینین؟
نێچيرڤان بارزانى: زۆر ئاسایيیه، لە هەرێمی کوردستان ده‌توانين بڵيين ئەو قۆناغه‌مان جێهێشتووە. بۆ زانیاریتان ئێستا نیوەی کارمه‌ندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژنان پێکدێت، ئەو بابه‌ته له کوردستان هیچ جێگه‌ی پرسیار نییه، هه‌روه‌ها جێی پرسیار نییە کە ئایا ژن دەتوانێ بگاتە ئەو پله‌یه یان نا؟ پێموایە ئەگەر ڕۆژێک ژنێک بگاتە پله‌ی سه‌رۆک وه‌زیران یان ببێتە سەرۆکی هەرێم، لێره زۆر به سروشتى و زۆر بە ئاسایی وه‌رده‌گیرێت.
الشرقیه نیوز: په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی، له‌نێوان ئێوه و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت؟
نێچيرڤان بارزانى: یه‌کێتیی نیشتیمانيی کوردستان هاوبەشی سەرەکیی ئێمەیە لەم حکوومەتەدا، په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێمه وەک هەر حزبێکی دیکه هه‌ندێک جار باشە و هه‌ندێک جار خراپە و هه‌ندێک جار ساردە و هه‌ندێک جار گەرمە، به بڕوای من ئه‌مه‌ش زۆر ئاسایییه لە که‌شی سیاسیی کوردستاندا، بەڵام په‌یوه‌ندیی ئەم دوو حزبە و ئەم دوولایەنە، نەگەیشتۆتە ئەوەی کێشەیەکی گەورە لەنێوانیان ڕووبدات، گفتوگۆ هەیە، ڕەخنەگرتن هەیە، گرژى هەیە، ئەمانە هەمووی هەیە، بەڵام لەو شوێنانەدا، لە قۆناغه‌کانی بڕیاردان له‌سه‌ر بابەتی چارەنووسساز بۆ هەرێمی کوردستان، دەبینن لێکگه‌یشتنێکی زۆر باش لەنێوان ئەم دوولایەنەدا هەیە.
الشرقیه نیوز: باسی ڕاستيی ئه‌و داوایه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانم بۆ بکه. ده‌ڵێن هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ناوهندييه. ڕاستيی ئه‌وه چییه که باس له هاندانی دروستبوونی هه‌رێمی سلێمانی ده‌کرێت؟
نێچيرڤان بارزانى: یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان داوای هه‌رێمی سلێمانی نەکردووە، ئەوەی کە یەکێتی لە پرۆژەی خۆیاندا هەیانە، پرسی لامهرکهزیيهتی زیاتر بۆ پارێزگاکانه. بۆ زانیاریتان لە پرۆگرامی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان ئەو بەرنامەیه‌ی پێشکه‌ش کردووه که لامەرکەزيیەتی زیاتر بۆ پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان هه‌بێت، کەواتە مەبەست شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە، ئەو شتەیه که ئێمه زۆر پشتگیری دەکەین و به‌رنامه‌ی یەکێتیی نیشتیمانیش هەر ئەوەیە. به‌رنامه‌ی یەکێتیی نیشتیمانی کە دەیەوێ دەسەڵاتی زیاتر بۆ پارێزگاکان هەبیت، ئەو پرۆژەیە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەرنامەی به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەوانەیه که لە حکوومەت بەشدارن، لەسەر ئەم بەرنامەیە پێکهاتوون وتا ئێستا پیشکەوتنیش له‌مباره‌یه‌وه هەیە، ڕه‌نگه ماوەیەک بخایەنێت، بەڵام وەکو پره‌نسيپ هەموومان قبووڵمانە.
الشرقیه نیوز: جه‌نابى سه‌رۆک، سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونى هه‌موو کوردێکه، که‌ی سه‌ربه‌خۆیی دروست ده‌بێت؟ ئایا کاتێکی دیاریکراو بۆ به‌ده‌سته‌وه‌هێنانی هه‌یه؟
نێچيرڤان بارزانى: واقعێک هەیە، کورد مللهتێکن لە ناوچەکەدا و لەڕووی زمان و فەرهەنگ و کولتوورەوە جیاوازن، لە هەموو شتێک جیاوازن، ته‌نانه‌ت لەڕووی مۆسیقاشهوە جیاوازی زۆره، وەک به‌ڕێزت ئاماژه‌ت بۆ کرد ئەوە خەونی هەر کوردێکە، خەونی هەر کوردێکە کە ئەوە ببینێت. ئه‌و واقعه‌ی ئێستا تێیدا دەژین جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە هەمانە، مادەم جیاوازە بە بڕوای من دەبێت هەنگاوەکانمان بەپێی دۆخى ئێستا بێت که تێیداین، سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چاره‌سه‌ری کێشەکانمانه له چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ بەغدا و بەغدا قووڵاييى ستراتیژیی ئێمەیە بۆ هەر بژاردهيهکى دیکه بچین، ئەوە هەر وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه.
الشرقیه نیوز: ئه‌مه قسه‌یه‌کی قووڵ و قسه‌یه‌کی گه‌وره‌یه کاتێک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت به‌غدا قووڵاييى ستراتیژیمانه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئه‌گه‌ر هه‌موو کێشه هه‌ڵواسراوه‌کان چاره‌سه‌ر کران و هه‌موو ناکۆکییه‌کان نه‌مان، ئه‌و کاته ده‌توانین بڵێین کاتی سه‌ربه‌خۆیی هات؟
نێچيرڤان بارزانى: ئەگەر سەیری بزووتنه‌وه‌ی کوردی بکەین، بۆچى کورد پەنای بردووه‌تە بەر چەک؟ چونکە داوای مافه‌کانی خۆی کردووە و پێی نەدراوە، داوای شتێکی زیاتری نەکردووە، سەیری هەموو مێژووی کورد بکە هەر لە کۆنەوە، باسی شۆڕشی ئەیلوول دەکەم، ناکۆکییه‌کان هەمیشە لەگەڵ مللەتان نەبووە، ناکۆکییه‌کان به مانای ناکۆکی له‌نێوان کورد و عەرەبدا نەبووە، ناکۆکییه‌که ده‌سه‌ڵاتداران بوون، داوای مافی خۆمانمان کردووە و مافمان نەدراوە. ئەگەر کورد هه‌ست بکات هاووڵاتيی پله یه‌که و مافه‌کانی لەم وڵاتەدا پارێزراوه و هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى هەیە، بە دڵنیاییەوە بە ئارامى دەژیێت و پێویست بەوە ناکات بچیتە چیا و چه‌ک هەڵگرێت و ده‌یه‌وێت لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا مافه‌کانی خۆی ببینێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment