عەدنان زورفی ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران كە هاوكات ئەندامی لیژنەی پەرلەمانە بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێم بەمیدیای فەرمی عێراقی وتوە، حکومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە لەدەرەوەی یاسایی قەرز کە پەرلەمان تێپەڕاندووە.
ناوبراو باسی لەوەش كردووە، حکوومەتی هەرێم، بەپێی یاسا پابەندکراوە بەڕادەستکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و بڕی 460 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمیش گرێ دراوە بەدوای ڕادەستکردنی ئەو داهاتانە بە بەغدا.
عەدنان زورفی ئاشكراشی كردووە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندی هەرێمدا ئەرێنی بوون بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو بڕە داهاتانەی کە لە ئەستۆیدایە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی لەبەغدایە و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان كۆ بووەتەوە لەبارەی بەشەبودجەی هەرێم و شایستە داراییەكانی.
هاوكات پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی و كۆمپانیای سۆمۆ كۆبووە بۆ تاوتوێی چۆنیەتی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەغدا.
Your Comment