بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح بەنوێنەرایەتی 29 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە "گرووپی پەرلەمانتارانی ناڕازییان پێکهێناوە" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، دۆخی هەرێمی کوردستان لە تونێلێکی تاریکدایە و حکوومەت و لایەنەکان بێ باکن بەرامبەر رژانی خوێنی هاوڵاتیان، بۆیە بە دوو یاداشت داوایان لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە کۆبوونەوەیێکی پەرلەمان لەسەر دۆخی ئێستای هەرێم سازبکات و وەڵامیان نەدراوەتەوە.
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لەم ساتەدا کۆبوونەوەی پەرلەمان پێویست نەبێت کەی پێویستە، بۆیە لەبری ئەوەی خەڵک لەسەر شەقام بکوژرێت دەبێت ئەم گفتوگۆ و شەڕە ببەینە هۆڵی پەرلەمان، بۆئەوەش ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەم داواکارییەکەوە نەیەت پێویستمان بە هەشت واژۆی پەرلەمانتاران هەیە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆئەوەی خۆمان دانیشتنی پەرلەمان رابگەیەنین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، داوا دەکەن حکوومەتی هەرێم رێککەوتنی ئاشکرا لەگەڵ بەغدا واژۆ بکات بەرادەست کردنی 250 هەزار بەمیل نەوت و 50% داهاتی ناوخۆ بەرامبەر ناردنی مووچە، دۆسیەی نەوت شەفاف بکات و پێداچوونەوە بەوکەرتەدا بکات.
عەلی حەمە ساڵح ڕایگەیاند هەروەها پێویستە حکوومەت کۆتایی بهێنێت بە دیاردەی قاچاخچێتی دەروازە سنورییەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment