ڕشتنی خوێنی گەنجانی بێتاوان و گەندەڵی گرنگایەتیی بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕعخنە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکەی دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بەوەی کە "شەهید کردنی گەنجانی بێتاوان و گەندەڵی گرنگایەتیی بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان نییە".

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕەخنە لە ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی و یەکێتی دەگرێت و دەڵێت: لەبری بڕیاردان لەسەر ڕادەست کرنی نەوت و ڕاگرتنی قاچاخچێتی سنوورەکان و باس کردنی شەهید کردنی گەنجانی بێتاوان، تەنها بریاریان ناردنی شاندێکە بۆ بەغدا، وەک کێشەی هەرێم تەنها ناردنی شاندبێت بۆ بەغدا.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاگەیەندراوی هەرسێ لایەنی پێکهێنەری حکوومەت، لە فەیسبووک نووسیویەتی: "دوای شەھید کردنی گەنجی خێر لە خۆنەدیوی ئەم وڵاتە، وەک ئەوەی ھیچ ڕووی نەدابێت، لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە بەیانێکی بێ ڕوحیان دەرکرد، وەک کێشەی ئەم ھەرێم تەنیا چوونی وەفدێک بێت بۆ بەغدا، ئەی ئەو ھەموو دزی و تاڵانیەی کوردستانی بە ئەمڕۆ گەیاند، بە دێڕێک باسی ئەو گەنجانەیان نەکردووە کە سی ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دزیان لێدەکرێت و دواجاریش بە فیشەکی چەکدارانی حیزب شەھید کران".

هەروەها دەڵێت: حزبەکان دەڵێن، پشتگیری چاکسازیی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، چاکسازی ئەوە یەک ساڵە ھاوار دەکەین، دەڵێین بەرپرسان خەریکی قاچاخچێتی و تاڵانی خاڵە سنووریەکانن و کەس گوێمان لێناگرێت، ئەوەی ٦٠٪‏ ی داھاتی نەوت بە گەندەڵی و دزی و گرێبەستی دەبرێت و کەس ئامادەنیە چاکی بکات، ئەوەی ھەرچی زەوییە بۆ بەرپرس و کۆمپانیاکانیان تاڵان کرا.

عەلی حەمەساڵح، لە کۆتایدا ئاماژە بۆ چەند بڕیارێک دەکات، کە دەبوو لە کۆبوونەوەی سێ لایەنەکەدا بدرایە و دەڵێت: دەبوو بڕیاری ڕاشکاوانە بۆ ڕادەست کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتی فیدڕاڵ لە بەرامبەر مووچەدا بدرایە، بڕیاری ڕاگرتنی قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری لە خاڵە سنووریەکان درابا، ئەو پارانەی لە داھاتی نەوت براوە بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، بڕیار درابا بە ھەموو گەندەڵی و گرێبەستە خراپەکانی نەوتدا بچنەوە، دەبوو ڕاستەخۆ بڕیاری چۆڵ کردنی بارەگا حیزبیەکان درابا، ھەرگیز دەرگا و پەنجەرە و قەنەفەی بارەگایێکی بێسود لە خوێنی گەنجێک گرنگتر نییە، دەبوو، بڕیاردرابا ئەو کۆمپانیا و بەرپرسە حیزبیانەی کە چەندین ساڵە لەسەر حسابی نەوت و سامانی ئەم وڵاتە کرانە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار، ئێستا بەشێک لەم پارانە دەربکەن و مووچەی خەڵکی پێدابین بکەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210942

Your Comment

You are replying to: .
captcha