وەزیری داراییی هەرێم: ئامادەین ناوەڕۆکی یاسای قەرز جێبەجێ بکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە فەرمی وەڵامی وەزارەتی داراییی عێراقمان داوەتەوە کە پابەندین ناوەڕۆکی یاسای قەرز جێبەجێ بکەین، بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس:

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرەڕای تێبینییەکانمان لەسەر پەسەندکردنی یاسای قەرز، بەڵام رۆژی 26/11/2020 حکوومەتی هەرێم نامەیێکی فەرمیی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و ئامادەییی خۆی نیشان داوە بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.

وەزیری داراییی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد؛ وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵ نووسراوێکی فەرمیی ئاڕاستەی وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان کردووە سەبارەت بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە یاسای قەرز ئێمەش ئەمڕۆ بە فەرمی وەڵاممان داناوە، کە ئامادەین ناوەڕۆکی یاساکە جێبەجێ بکەین سەبارەت بە یاسای قەرز و هەرچی پابەندییێکی دارایی و نەوتی لەسەر هەرێمی کوردستانە جێبەجێی بکەین.

ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند: لە سەرەتاوە تائێستا کە سەردانی بەغدامان کردووە، ئامادەیی خۆمان نیشانداوە هەرچی پابەندیی دارایی و نەوتی هەیە جێبەجێ بکەین، ئامادەی تەواویین بۆ پابەندبون بە دەستور و سەرجەم یاساکان بە یاسای بودجە و ئیدارەی مالییەوە.

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند: ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی حکومەتی عێراق و نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندەی یاسای قەرز، ئێمەش ئامادەی تەواوی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاساکەین، حکومەتی فیدراڵیش دەبێت هەستێت بە جێبەجێکردنی ئەو بەشەی دەکەوێتە ئەستۆی لە دابینکردنی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند: وێڕای تێبینی لەسەر شێوازی تێپەڕاندنی یاسای قەرز، وەزارەتی دارایی بەغدا نوسراوی کردوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ پابەندی بە یاسای قەرز، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بە فەرمی وەڵامی داوەتەوە کە حکومەتی هەرێم رەزامەندە بە مامەڵەکردن لەگەڵ یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە.

وتیشی :"پێشتر ئەم هەڵوێستەش لە نامەیەکی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتکراوەتەوە و هەرێم لاری نییە لەسەر پابەندبون بە یاساکان و داوامان لە حکومەتی ئیتیحادی کردوە لایەنی پەیوەندیدار راسپێرێت بۆ ئامادەباشی جێبەجێکردنی یاساکە، بەتایبەتی مادەی حەوت".

خالید شوانی بەپێویستی زانی؛ بەغداش پابەندیی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات بە دابینکردنی بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران، رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاساکەش خراوەتەڕو داواکارین ئەویش بە واجبی خۆ هەستێت و شایستە داراییەکان دابین بکات.

هەروەک، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم پابەندی تەواوە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئامادەیی نییە و جێبەجێیان ناکات، تائێستا و بە سێ قۆناغ هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پابەندبون تەواوەتی بە پابەندییە نەوتی و داراییەکانی بەرامبەر بەغدا، لەبەرامبەردا پێویستە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

بەپێی یاسای پڕکردنەوەی گورتهێنانی بودجە یاسای قەرز پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بداتە بەغدا، لە بەرامبەردا بەغدا مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

News Code 210928

Your Comment

You are replying to: .
captcha