سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق، پەیامی ئاشتییە بۆ وڵاتەکەمان و ناوچەکە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکومەتی ڤاتیکان، رایگەیاند پاپا فەرەنسیس، پاپای ڤاتیکان لە مانگی ئاداری داهاتوودا سەردانی عێراق دەکات و وەزارەتی دەروەی عێراق لە بەیاننامەیێکدا پێشوازیی لەو سەردانەکرد و ڕایگەیاند سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق، پەیامی ئاشتییە بۆ وڵاتەکەمان و ناوچەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماتیۆ برۆنی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەوانیی کورسیی پاپا لە ڤاتیکان، لە راگەیێندراوێکدا کە ماڵپەڕی فەرمیی ڤاتیکان بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "پاپا فەرەنسیس داوەتی کۆماری عێراق و کەنیسە کاسۆلیکی لەو وڵاتە قبووڵ کرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.

پاپای ڤاتیکان لە رۆژی پێنجی ئاداری داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، سەردانەکەشی سێ رۆژ دەخایەنێت، ئەمەش یەکەم گەشتی پاپا دەبێ بە درێژایی 15 مانگ، چوونکە پاپا بە درێژایی ئەو ماوەیە گەشتی نێودەوڵەتی نەکردووە.

ماتیۆ برۆنی راشیگەیاند: "پاپا لە گەشتەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی بەغدا، دەشتی ئوور، کە پەیوەندیدارە بە یادەوەری پێغەمبەر ئیبراهیم، هەولێر، موسڵ و قەرەقووش لە دەشتی نەینەوا دەکات".

پێشتر، پاپا فەرەنسیس، پاپای ڤاتیکان، لە 10ـی حوزەیرانی 2019 لە کۆبوونەوەی ئاژانسە کاسۆلیکییە کۆمەکبەخشەکاندا ئاشکرای کرد، بەنیازە لە ساڵی 2020دا سەردانی عێراق بکات و رایگەیاند: "بەردەوام بیر لە عێراق دەکەمەوە، دەمەوێت ساڵی داهاتوو سەردانی بکەم، بەو هیوایەی عێراق بتوانێت بە رێگەی هەوڵی ئاشتییانە و هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئایندەی خۆی مسۆگەر بکات".

رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2020 پاپا فەرەنسیس لە ڤاتیکان پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد. ئەوکات راگەیێندرا هەردوولا باسیان لە پاراستنی کریستیانەکان لە عێراق کردووە و جەختیان لەسەر پێویستی مسۆگەرکردنی ئاسایش و ناوچەکانی کریستیانەکان لە ئایندەی عێراق کردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210925

Your Comment

You are replying to: .
captcha