مێژووناسێکی ئەرمێنیا باسی دۆزی کوردەکانی ئەرمێنیا و پێوەندیی چەمکی کورد و ئەرمەن لە تورکیا دەکات

بەشی جیهان- پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس دەڵێت تەقریبەن 50 هەزار کوردی ئێزدی لە ئەرمێنیا دەژین وپێوەندیی باشیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەرمەن هەیە. جەختیشی کردەوە کە پێوەندییێکی نەبڕاوە لە نێوان چەمکی کورد و چەمکی ئەرمەن لە تورکیا هەیە و تورکیا بە دوژمنی مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات و نکۆڵی لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکانیش دەکات.

کوردپرێس:

لێکدانەوەی دۆخی ئەرمەن و کوردی تورکیا ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هەر یەکە لەو دوو کەمینەیەی تورکیا لە کۆمەڵگادا هەرگیز لە لایەن دەوڵەتەکانی تورکیاوە پێشوازییان لێنەکراوە. کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکانی تورکیا لە سەدەی ڕابردوودا لەلایەن زۆر وڵاتی جیهانەوە دانی پێدا نرا. لە لایێکی دیکەشەوە مەسەلەی کوردەکانی تورکیا سەرباری دەیان ساڵ خەباتی چەکداری و هەروەها سیاسەت کردنی کورد بۆ چەسپاندنی مافی خۆی سەرکەوتوو نەبوو و ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین وتاری خۆیدا ئیدعای ئەوەی کردووە کە شتێک بە ناوی مەسەلەی کورد لە تورکیا بوونی نیە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ لێکدانەوەی دۆخی کوردەکانی دانیشتووی ئەرمێنیا و ڕووداوە مێژووییەکان وەک جینۆسایدکرانی ئەرمەنییەکان لە تورکیا و مامەڵەکردنی ئەو وڵاتە بەرامبەر مەسەلەی ئەرمەن و کورد لەگەڵ پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان توێژەر و مێژوونووسی ئەرمەنی دیمانەیێکی کردووە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان:

کوردپرێس: لە ئەرمێنیا حەشیمەتی کورد دەگاتە چەند کەس؟ ئەم کوردانە لە جێگایێکی تایبەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە کۆچیان کردووە یان خود بەشێکن لە پێکهاتەی سەرەکیی ئەو وڵاتە؟

پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان: پێویستە من لە سەرەتاوە ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەم کە کوردەکانی ئەرمێنیا ئێزدین. ئەگەرچی دەستەواژەی کوردیان بۆ بەکار دەهێنرێت بەڵام ئەو پێکهاتەیە زیاتر بە ئێزدی بوونیانەوە ناسراون تا کورد بوونیان. ژمارەی فەرمیی کوردەکانی دانیشتووی ئەرمێنیا 35 هەزار کەسە. بەڵام بەراوردی ناەرمی لەبارەی ژمارەی کوردەکانی ئەرمێنیاوە دەگاتە 50 هەزار کەس.

ئێزدییەکان لە دوو سەدەی 19 و 20ی زاینیدا بەهۆی ئەوەی لە لایەن ئیمپراتورییای عوسمانی و کوردە سوننەکانەوە داواکراو بوون و هەوڵیان دەدا ئەو پێکهاتەیە موسڵمان بکەن خۆیان گەیاندە ڕووسیا و لە باشووری قەفقازدا نیشتەجێ بوون کە ئەمڕۆکە خاکی کۆماری جۆرجیا و ئەرمێنیایە. ئێزدییەکان لەگەڵ ئەرمێنییەکان پێکەوە جینۆساید کران و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئێزدییەکان بچنە ژێردەسەڵاتی ڕووسەکان و لە ئەرمێنیا هەڵبێن. یەکەم قوتابخانەی ئێزدییەکان لە ئەرمێنیا هاوکات لەگەڵ دامەزرانی یەکەم کۆماری سەربەخۆی ئەرمێنیا لە ساڵی 1918-1920 دامەزرا.

ئەمڕۆکە ئێزدییەکان گەورەترین پێکهاتەی کەمینەی ئەرمێنیان. ئەو پێکهاتەیە وەک گرووپێکی ڕەگەزیی جیاواز ناسراون و بە باشی بوونەتە بەشێکی کۆمەڵگای ئەرمێنیا و خاوەنی ئازادیی ئاینی و کەلتووریی تایبەت بە خۆیانن.

بیرهێنانەوەی ئەوەش بەسوود دەبێت کە ساڵی 2019 گەورەترین پەرستگەی ئێزدییەکان لە جیهان بە ناوی قوبا مێرێ دیوانێ کرایەوە. ئەو نزاگەیە نزیکەی یەک سەعات لە شاری ئیروانەوە دوورە کە پێتەختی ئەرمێنیایە. حەوت گومەزی درەوشاوەی ئەو نزاگەیە لە گوندی ئارام و پڕ لە سنەوبەردا بینا کراوە و لە تەنیشت یەک ئاکتالیچ حوکمڕانی دەکات.

پەیکەری نادیە موراد کچە ئێزدیی خەڵاتکراوی خەڵاتی نۆبێلیش وەک بەشێک لە پەرستەگەکەی ئێزدییەکانی ئەرمێنیا دانراوە.

کوردپرێس: ئایا کوردەکانی ئەرمێنیا خاوەنی حیزبی سیاسین یان خود لە پەرلەمان و دامەزراوە حکومییەکان نوێنەریان هەیە؟

پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان: من لەو قەناعەتەدا نیم کە ئێزدییەکانی ئەرمێنیا خاوەنی حیزبی سیاسیی سەربەخۆ بن. لەو ڕووەوە کە کۆمەڵگەی کوردە ئێزدییەکان بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەرمێنیا ژمارەیێکیان لە حزیبە سیاسییەکانی ئەرمێنیا چالاکن. بە گوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە ئێزدییەکان یەک نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە. هیچ یاسایێک نیە کە ڕێگری لەوە بکات کوردێکی ئێزدی ببێتە خاوەن پۆستێکی حکوومی.

کوردپرێس: کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی لە تورکیا چۆن دەینن؟ لە ژمارەیێک چاودێرم بیستووە کە دەڵێن کۆمەڵێک سەربازی کوردی ئیمپراتووریی عوسمانی بەشداریی ئەو جینۆسایدەیان کردووە. خوێندنەوەتان بۆ ئەم تۆمەتە چیە؟

پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان: جینۆسایدکرانی ئەرمەنەکان ڕووداوێکە کە تێیدا هاووڵاتییانی ڕەسەن لە وڵاتی خۆیان کە هەزاران ساڵ تێیدا ژیابوون هەڵکنران. تا ئەم کاتەش تورکیا کە جێگرەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی و بکەری ئەو تاوانە بووە دانی بە تاوانەکەدا نەناوە. ئەگەرچی ئەمڕۆکە زۆرینە ئاکادیمیسییەنەکانی تورکیا و بیرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی دیکەش ئەو ڕاستییەیان قبووڵ کردووە بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئێستاش حاشای لێدەکات و نکۆڵی لە تاوانەکە دەکات و ڕێگریشە لەوەی ئەرمێنییەکانی جیهان کۆ دەنگی بەدەست بهێنن.

لەبارەی بەشی دووهەمی پرسیارەکەتەوە پێویستە بڵێم کە لە خۆیدا سەربازە کوردەکان نەبوون کە لە ئیمپراتوریای عوسمانیدا بەشداریی جینۆسایدکرانی ئەرمەنەکانیان کرد بەڵکوو چەند عەشیرەیێکی کورد بوون کە ئامانجیان ئەوە بوو لە ماڵ و موڵک و ژن و منداڵ و سامانی ئێزدییەکان دەوڵەمەند ببن. بەوەشەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە زۆرینەی کوردەکان لە تونجەلی و ساسۆن و بینگۆل و دیاربەکر و شوێنەکانی تر یارمەتیی ئەرمەنییەکانیان دا کە گیانیان بپارێزن. دیارە هەموو ئەم یارمەتییانە هۆکاری مرۆڤدۆستانەی نەبوو. زۆربەی کوردەکان منداڵە هەتیوە ئەرمەنییەکانیان بەخێو کرد بۆ ئەوەی لە کار و فرمانی ماڵدا وەک ئەوەی نەریتی گوندەکانە یارمەتییان بدەن.

دوا بەشی قسەکانی من لەو ڕووەوە گرینگە کە باسی بەکورد بوونی ئەرمەنییەکان و گۆڕینی ئایینەکەیان لە تورکیا دەکات. لەو ڕووەوە کە ئێمەی ئەرمەنی بۆ ماوەیێکی درێژ پێمان وابوو کە چیتر هیچ هاووڵاتییێکی ئەرمەنی لە تورکیا جگە لە ئەستەمبۆڵ و ئیزمیر و چەند شارێکی کەناری دەریا بوونی نیە ئەمە دیاردەیێکی نوێیە. ئەم خۆلەبیربردنەوە شتێکی زۆرەملێ بووە و دواتر دەرکەوت کە هۆکارەکەی هەڵمەتی سیاسیی ئەرمەنییەکان بۆ پێشخستنی چەمکی دانپێدانرانی جینۆسایدکرانی ئەرمەنییەکان بووە. ئەم بابەتەش هەڵگری ئەوەیە کە ئێمە دەستمان لەو کەسانە بەردا کە ڕزگاریان بووبوو. ئێستاش پاش تێپەڕبوونی یەک سەدە بە سەر کۆمەڵکوژکرانی ئەرمەنییەکان، ئاماری فەرمیی زانستی وورد لەبارەی ژمارەی بەجێماوانی ئەو تاوانە بە دەستەوە نیە. لەگەڵ ئەوەش، بەجێماوان لە بیر کراون و ئەو لەبیرکاروانەش بە هۆی لێکەوتەی تراژیک کە بۆ خۆیان و بنەماڵەیان چاوەڕوان دەکرێت ناوێرن خۆیان بناسێنن. ئەمەش دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە ئێمە ئێستا ناوی دەنێین ئەرمەنییە شاراوەکان. من لە وتارێکی زانستیی خۆمدا لە ژێر ناوی "بەشداری کردنی ئەرمەنییەکان لە ڕاپەڕینی ئارارات لە ساڵی 1927 و ڕاپەڕینی کوردەکانی دێرسی لە ساڵی 1937؛ نواندنی خێزگەی ئەرمەنییە شاراوەکان" باسی ئەم بابەتەم کردووە.

کوردپرێس: پێوەندیی نێوان کورد و ئەرمەنی لە تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا پێوەندیی باشی ئەو پێکهاتەیە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی عەقڵیەتی ئێستای تورکیا بەرامبەر بە کوردی و ئەرمەن؟

پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان: لە درێژەی وەڵامەکەمدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە حیزبە سیاسییە ئەرمەنییەکان بە بێ ئاوڕدانەوە لە بەشداری کردنی کورد لە کۆمەڵکوژرکانی ئەرمەنییەکان مامەڵەی برایانە لەگەڵ کورد و دۆزی کورد لە تورکیا دەکەن. من بەش بە حاڵی خۆیشم لە کاتی گەنجیدا لە بەیرووتی لوبنان ئەو هەستەم هەبوو.

پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەرمەنییەکان لە ڕاپەڕینی ئارارات کە ساڵانی 1927 بۆ 1929 و ڕاپەڕینی دێرسیم کە ساڵی 1937 ڕووی دا بەشداریی کارایان هەبوو. هاودەنگیی ئەرمەنییەکان لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینانە لە سەر ئەرکی فیدراسیۆنی شۆڕشگێڕە ئەرمەنییەکانەوە داڕێژرابوو. ئەم بابەتە دەریدەخات کە ئەرمەنییەکان مەسەلەی بەشداری کردنی کورد لە جینۆسایدکرانی ئەرمەنییەکان ناهێننە پێش چاو و ئاگادارانە ئەو کارەیان دەکرد کە مەسەلەی کورد و ئەرمەن لە تورکیا پێکەوە گرێ دراون و لێک جیا نین.

جگە لەوەش کێشەی گرینگ لە پێوەندیی باشی نێوان ئەرمەن و کورد نەبوونی قیادەیێکی سیاسیی یەکانگیر لە نێوان کوردەکان بوو چوونکە کۆمەڵگەی کوردی لە سەر بنەمای فیوداڵی و عەشیرەیی دامەزرابوو.

ئەرمەنییەکان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە کوردەکان چوارەم پێکهاتەی قەومین لە خۆرهەڵاتی ناڤین. ئەرمەنییەکانیش جەخت دەکەنەوە کە ئەگەر ئەو پێکهاتە قەومییە کیانی سەربەخۆیان نەبێت ئەم مەسەلەیە کێشە دروست دەکات. بەڵام تەنانەت ئەمڕۆکەش ئەو ئینتیمایە لە کورددا نیە کە ببنە یەک بەرەی هاوبەش. بۆ نموونە سەرنجی کوردەکانی هەرێمی کوردستان و کوردەکانی سووریا بدەن.

ئەڵبەت کۆی بابەتەکە ساڵی 1916 و وەک لێکەوتەی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ سەری هەڵدا. دۆخی سیاسیی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوین دامەزرانی کیانێکی سەربەخۆ دێنێتە پێش چاو. بەڵام ئەم بابەتە لەم کاتەدا تۆزێک دورەدەستە.

ئەمڕۆکە تەنانەت لە تورکیا ژمارەیێکی زۆر لەو ئەرمەنییانەی کە لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا دەژین خاوەنی ناسنامەیێکی کوردین. هەروەها ئەو گوندە ئەرمەنییانەی کە لە قەراخی گوندە کوردنیشەکانی تورکیا هەن تا ئەمڕۆکە ناسنامەی ئەرمەنیی دانیشتووانی ئاشکرا نەکراوە.

سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد لە سەر بنەمای دژایەتی کردن و سەرکوت کردنە. ڕووداوەکانی باشووری خۆرهەڵاتی توروکیا کە زۆرینە ناوچەکە کوردنشینە لە هەشتاکان بەملاوە دەیسەلمێنێت کە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بەرپەرچی تەوەری نەتەوەخوازیی کوردیان داوەتەوە و ئێستاش بەردەوامن لەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ کورد. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە لە تورکیا پێشوازی لە پێوەندیی قووڵی کورد و ئەرمەنی ناکرێت. وا دردەکەوێت کوردەکان کە لە ناوچەی جۆربەجۆردا یەک ناگرن و هەر ئەم پەرتەوازەیییە جوگرافییەش خۆی یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانە.

کوردپرێس: خوێندنەوەتان بۆ شێوەی مامەڵەکردنی ڕووسیا لەگەڵ دۆزی کورد چیە؟

پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان: ئیمپراتووریای ڕووسیا بەردەوام کارتی کوردی بۆ نائارامکردنی سنوورەکانی خۆرهەڵاتی ئیمپراتووریای عوسمانی بەکار دەهێنا. لە ڕاسیتدا کوردەکان لە ساڵی 1850 تا شەڕی دووهەمی جیهانی بووبوون بە دارەدەستی عوسمانییەکان و ڕووسەکان. هەوراز و نشێوی سیاسیی ئەو دوو زلهێزە کارەساتی بۆ کورد خولقاند. من ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەم لێکداوەتەوە و دوو وتاری درێژم لەو بارەیەوە نووسیوە. لە کارە ئاکادیمییەکانیشمدا لە ژێر ناوی " پێوەندیی کوردەکانی ئەرمێنیا لە سەردەمی بزاڤە نەتەوەخوازییە کوردییەکان لە 1830 بۆ 1930" کارم لە سەر ئەو بابەتە کردووە.

کوردپرێس: وڵاتانێکی وەک ئەمرریکا و ژمارەیێک وڵاتی دیکە دانیان بە مەسەلەی جینۆسایدکرانی ئەرمەنییەکانی تورکیادا ناوە. ئایا ئەم بابەتە کارتێکەریی لە سەر شێوەی مامەڵەکرردنی تورکیا و سیاسەتی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر کورد و ئەرمەن دەبێت؟

پڕۆفیسۆر گارابت مومجیان:ئێمە ئاگادارین کە کۆماریخوازانی تورکیا بەردەوام هەڵوێستیان وەرگرتووە لە بەرامبەر ئەوەی دان بەوەدا بنرێت کە ئەرمەنییەکان جینوساید کراون. کۆمارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە مەسەلەی ئەرمەنییەکان سیاسەتی ئیهمالیان وەرگرتووە. چەندین بەرەی تورکەکان ئیهمالی مەسەلەی ئەرمەنییەکانیان کردووە چوونکە دەوڵەتەکانیان بە ئەنقەست ئەو بابەتەیان لە بەرنامەی پۆلی قوتابخانە و زانکۆکان نەهێناوە. تەنها ئەوە هەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرەیێکی نوێی توێژەرانی تورک ئەم بابەتەیان ورووژاندووە و سەرنجیان خستۆتە سەر مەسەلەی ئەرمەنییەکان.

لەبارەی کوردیشەوە هەمووان ئاگادارن کە تورکیا دەیان ساڵە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و کوشتن و سەرکوتکردنیان جێبەجێ دەکات.

کۆمارییەکانی تورکیان کە سیاسەتی تورکیا لەبارەی کوردەوە، دیاری دەکەن و سیاسەتەکەیان ئەوە بووە کە هەرگیز کوردیان وەک پێکهاتەیێکی قەومیی سەربەخۆ و جیاواز نەزانیوە بەڵکوو کورد بە بەشێکی کۆمەڵگەی تورکیی ئەو وڵاتە دەزانن.

دۆخی خۆرهەڵاتی ناوین لە ئێستادا لە حاڵی تێپەڕیندایە و کەس ناتوانێت داهاتووی سیاسی و جوگرافیی ناوچەکە پێشبینی بکات.

News Code 210903

Your Comment

You are replying to: .
captcha