بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سهفین دزهیی بەرپرسی فەمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لهمیانی کۆبوونەوەیێکی ئۆنلاین لهگهڵ ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا رایگهیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کاتێک ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە پشت بەستن بە دەستووری ھەمیشەیی وڵات چارەسەر بکات، لە نێویشیاندا پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان".
ناوبراو باسی لهوهش كردووه: سەقامگیر کردنی بارودۆخی ئەمنی لە شنگال زۆر گرنگە بەمەبەستی رێگاخۆش کردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیان کە بەھۆی شەڕی داعش دووچاری وێران کردن بووە. ھەروەھا پێکھێنانی ھێزی پۆلیسی خۆجێی متمانەی ھاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە و ھاندەردەبێت بۆ گەڕانەوای ئاوارەکان.
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچە سنوورییەکان، سەفین دزەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ھەرێمی کوردستان قەوارەیێکی دانپیانراوی دەستوورییە لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ و بەرپرسیارییەتی ھەرێمی کوردستانە کە گەرەنتی سنوورەکانی بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خاکی ھەرێم لە دژی ھیچ وڵاتێک بەکار نەھێندرێت، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەرێتە کارپێکراوەکان ناکرێت خاکی ھەرێم بەکار بھێندرێت بۆ دروست کردنی ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ ھاوکات وڵاتانی دراوسێش پێویستە رێز لە سەروەریی عێراقی فێدڕاڵ بگرن.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەی بە رۆڵی بەریتانیا و سەردانی وەزیری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جەیمس کلێڤەرلی و وەزیری ھێزە چەکدارەکانی بریتانیا جەیمەس ھیپی دا بۆ ھەرێمی کوردستان و کرد و بە سەردانێکی سەرکەوتووی وەسف کرد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment