کوردپرێس:
راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە 2ی دیسەمبێری 2020 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لەکۆشکی سەلام پێشوازیی لە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کردووە و پرسی پەیوەندییەکانی بەغداد-تاران و چۆنییەتی بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە و فراوانکردنیان لەسەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کراون.
سەرۆککۆماری عێراق لەو دیدارەدا رایگەیاند، ئیدانەی کوژرانی موحسین فەخریزادە زانای دیاری ئێران دەکەن و "بەپێویستی دەزانن هەموان کاربکەن بۆ رێگریکردن لە دروستبونی گرژی و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، عێراق هەموجۆرە کردەوەیەکی توندوتیژی رەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە هێنانەکایەی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی پشتیوانی لەئاسایش و ئارامی عێراق دەکات و هەروەها جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی نیوان هەردولا گەلی دۆست و دراوسێ دەکاتەوە.
Your Comment