بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی قۆناخەکانی نووسین و پەسند کردنی دەستوور رایگەیاند: "ئەو کۆبوونەوانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات چ ئەوەی لە بارەگای خۆی کردی، چ ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەرلەمان، لایەنە جێبەجێکارەکە پەرلەمانە، دەبێت لە پەرلەمان پەسند بکرێت، پاش ئەوەی حیزبەکان رای خۆیان لەسەری دەدەن، دواتر دەچێتەوە لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەویش کە واژۆی لەسەر رەشنووسەکە کرد، راپرسی لەسەر دەکرێت".
ناوبراو وتیشی: لە ساڵانی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دەکرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام بەشێک لە لایەنەکانی دیکە بەو داوایە رازی نەبوون و دەیانگوت پێویستە لەنێو پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو پرۆسەیە بدرێت، فازڵ میرانی پێیوایە، نووسینەوەی دەستوور کۆتایی بەو مشتومڕانە دەهێنێت و یەکلایی دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان یان لە نێو خەڵک دەنگی لەسەر بدرێت.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی بۆچوونی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نێو خەڵک دەڵێت، "لەوانەیە من دەنگت پێبدەم بچیە پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسا، بەڵام کە هاتە سەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەنگە رای من لەگەڵ هیی تۆ جیاواز بێت، لەوێدا من حەز دەکەم خۆم نوێنەرایەتیی دەنگی خۆم بکەم".
کۆدی هەواڵنێر:60113
Your Comment