بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕێوڕەسمەکەدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، وەزیری پێشمەرگە لە وتارێکدا لەمبارەوە گوتی: "ئەمڕۆ لە قۆناغێکی نوێداین بۆ هاوکاری و پڕچەک کردنی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شانازییەکی دیکەمان پێ بڕا بە ئاراستەبوونی زیاتری پێوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان و لە نێوانیاندا هاوکارییەکانی سوپای ئەمریکا".
شۆڕش ئیسماعیل ڕاسی گەیاند: "ئەم یارمەتی و هاوکارییانە دەرخەری پەیامێکە کە بە یەکڕیزی و پێکەوەکار کردن و هەنگاونانی ئێمە لەپێناو پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، پاڵپشتی و پشتگیری کردنمان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "بە شانازییەوە ڕای دەگەیەنین وەزارەتەکەمان لە پرۆسەی ڕیفۆرمی سەربازی بەردەوام دەبێت و لێرەوەشەوە هەواڵ و هەنگاوکانی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بەرز دەنرخێنین".
وەزیری پێشمەرگە ڕاشی گەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی دیکەی مێژووییە کە دێتە سەر خەرمانی شانازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ دۆست و هاوپیەمانەکانمان، لەگەڵ وڵاتێک کە هەمیشە بایەختی تەواوی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە، هەنگاوێکی دیکە بەو ئاڕاستەیەدا دەنێین و ئەمڕۆ دۆستایەتیی هەردوو گەلی کورد و گەلی ئەمریکا، بۆ جارێکی دیکە لەڕووی هاوکارییە سەربازییەکانەوە دەچێتە قۆناغێکی بەهێزترەوە".
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە هەمیشە بە فەخرەوە ئەم دۆستایەتییەمان باس کردووە و هیواخوازین ئەو هابەشی و پێکەوەبوونە هەردەم بەردەوام بێت و ئەم هاوکارییانەی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێگومان سوودێکی یەکجار گرنگی هەبووە و هەیە".
سەرچاوە: باسنیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment