«گەلۆ عیسا» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە گرژییەکانی ئەم دواییە کە لەنێوان پارتی دیموکرات کوردستانی عێراق و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا دروست بوو و ڕایگەیاند: ئەو کێشەیەی کە لەنێوان پارتی و پەکەکە-دا دروست بووە کێشەی کورد نییە و بەڵکوو ئەو گرژییە تورکیا دروستی کردووە.
ناوبراو درێژەی دا تورکیا هیچ باوەڕێکی بە مافی کورد لە سووریا و عێراق نییە و لەڕێگای گوشارخستنەسەر پارتی دەیهەوێت گرژییەکانیان لەگەڵ پەکەکە پەرپێبدات.
گەلۆ عیسا وتیشی: هەموو ڕەوتە کوردییەکان دەبێت دژی شەڕی ناوخۆی و براکوژی بوەستنەوە و ڕێگا نەدەن ئەو ڕووداوە ڕووبدات.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) جەخت دەکاتەوە نابێت چیدی لە سەدەی بیست و یەکدا شەڕی ناوخۆی ببینین چوونکە دوژمنانی کورد لەو بابەتە سوودمەند دەبن و درێژەی ئەم دۆخە لە بەرژەوەندیی کورددا نابێت.
گەلۆ عیسا وەبیری هێنایەوە: پێویستە کونگرەی نەتەوەیی کورد ببەسرێت و لە ڕێگای ئەو کونگرەیەوە هەموو کەسایەتی حزبی و سەربەخۆکان کۆ ببنەوە و کێشەکان تاوتوێ بکەن تاکوو بگەنە گروکۆیێک لەبارەی هەموو کێشەکان و ئەم کونگرە دەبێت نوێنەرایەتی هەموو کوردەکان بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment