بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمبارەوە داوود جوندی، بە ناس کوردیی ڕاگەیاندووە: 6ی تشرینی دووەمی 2020 تائێستا هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکە لە بارەی شەنگالەوە جێبەجێ نەکراوە، و دەشڵێت ڕێککەوتنەکە ئاستەنگی زۆری تێدایە، چوونکە مۆرکێکی سیاسی پێوە دیارە لە بری ئەوەی مۆرکێکی مرۆیی پێوە بێت.
ناوبراو وتیشی خاڵی لاوازى زۆر لەناو ڕێککەوتنەکەدا هەیە کە بەهیچ شێوەیێک لە بەرژەوندیی خەڵکی شەنگالدا نییە و نابێتە مایەی سەقامگیریی سنوورەکە.
داوود جوندی پێیوایە، دەرکردنی یەبەشە لە ناوچەکەدا کە هێزێکی چەکداریی فەرمیی ئیزیدییەکانە بەبیانووی ئەوەی هەمان ئایدۆڵۆژیای پەکەکە-یان هەیە، زیاتر دۆخە ئاڵۆز دەکات و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە.
بەرپرسی مەڵبەندی 15ی یەکێتی لە شەنگال ئەوەشی ڕوون کردەوە خەڵکی شەنگال و هەموو لایەنە سیاسییەکانی قەزاکە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەدا نین، هاوڵاتییانی شارەکەش دەیان جار ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان دژی ئەنجام داوە.
شایانی باسە ڕۆژی ھەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شەنگال واژو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، قائيمقامێکى نوێ بۆ شەنگال دياري دەکرێت کە کەسێکى دەستپاک و پيشەيى و سەربەخۆ بێت و قبووڵکراو بێت و هەروەها لەلايەن ليژنەى پێکهێنراوى هاوبەش پۆستە ئيدارييەکانى تر دادەنرێت.
هەر بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم پێکهاتە چەکداريیەکانى تر دەکرێنە دەرەوە و 2500 ئەندام بۆ هێزى ئاسايشى ناوخۆيى دادەنرێن و ئاوارەکانى خێوەتگەکان کە خەڵکى شەنگالن بەشداريان پێدەکرێت، هەروەها کۆتايى بەبوونى پەکەکە لە شەنگال و دەوروبەرى دەهێنرێت و بونيان نامێنێت لە ناوچەکە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment