دەبێت PKK ڕێز لەسەروەریی هەرێمی کوردستان بگرێت

بەشی سووریا- ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ENKS بە توندی ئیدانەی هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دەکات، کە کردوویەتییە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، داواشی کردووە، رێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستاندا بگرێ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنەکەسە لە راگەیاندراوێکیدا، دەڵێت: "لەکاتێکدا، کە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسایش و ئارامیی زیاتر دەچێ و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی هەوڵی بەردەوام دەدا بۆ ئەوەی لە مەترسیی دەرەکی بیپارێزێ و لە تەواوی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ئیداری لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییانی گەشە بکا، گرووپێکی چەکداری PKK هێرشێکی چەکدارییان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک و بووەتە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیێک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە".

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی پەکەکە دەکات بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و جەختیش دەکاتەوە، پێویستە لەسەریان رێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بگرن، کە لە دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا دانی پێدا نراوە، هەروەها زیان بە ئەمن و ئاسایشی هەرێم نەگەیەنن، کە سەرکردایەتییەکەی هەوڵی پاڵپشتیی گەلی کوردی داوە لە سەرانسەری کوردستان".

راگەیاندراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: "سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێم بە قوربانییێکی زۆرەوە بەدی هاتووە، کە پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی کورد لە چەندین دەیەیە پێشکەشی دەکەن، پاراستنی ئەم دەسکەوتانە لە هەڕەشەی دوژمنانی دەرەکی و ناوخۆی، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخڵاقییە لەسەر تەواوی رۆڵەکانی گەلی کورد، لەم دۆخە هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی پێیدا تێدەپەڕن".

لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا، ئەنجومەنەکە داوای لە PKK و تەواوی لایەنە کوردستانییەکان کردووە، رێز لە تایبەتمەندیی هەر بەشێکی کوردستان بگرن و پارێزگاریی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکەن و هیچ لایەنێک دەستوەردان لە کاروباری ناوەخۆیدا نەکات و رێز لە یاسا و سەروەرییەکەی بگرێ.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210749

Your Comment

You are replying to: .
captcha